لە چەمچەماڵ نەوت دابەشدەکرێت

07-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ نەوت بەسەر دانیشتووانی قەزاکە دابەشدەکرێت کە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتیان پێویستە. دەشڵێت: "ئەمڕۆ بەشی نزیکەی شەش هەزار خانەوادە نەوت دابەشدەکرێت."
 
رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نەوت بەسەر نزیکەی شەش هەزار خانەوادە لە نێو سەنتەری قەزای چەمچەماڵ دابەشدەکرێت، بڕیارە دوو سبەی لە ناحیەی شۆڕش دابەشبکرێت، دواتریش ناوچەکانی دیکە."
 
بە گوتەی رەمک رەمەزان، نزیکەی 28 هەزار خێزان لە سنووری قەزای چەمچەماڵن، بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی بدرێتێ، پێوستیان بە نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتە. 
 
بەهای ئەو نەوتەی دەدرێتە هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان 104 هەزار دینارە بۆ 200 لیتر. 
 
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە تەنیا لە ماوەی 10 رۆژدا 40 ملیۆن و 787 هەزار لیتر نەوتیان بەسەر نزیکەی 203 هەزار و 953 خێزان دابەشکردووە.
 
دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سنووری جوگرافی لە ناوچە زۆر سارد و شاخاوییەکانەوە دەستیپێکردووە و لەم مانگەدا دەگاتە سەنتەری شارەکان و هەر بەرمیلێک 200 لیتریی نەوت بە 104 هەزار دینار دەدرێتە هاونیشتمانییان، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوت دابەشکرا.
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.