رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی یەکگرتوو لە بازنەی هەولێر دەڵێت، یەکگرتوو لە 8 ساڵی رابردوودا خزمەتی کردووە، نوێنەرانی حیزبەکەش لە بەغدا خزمەتی هەولێریان کردووە، بۆیە "دڵنیاین خەڵکی هەولێر ئەمە لەبیر ناکات."
ئەمڕۆ هەینی هاوژین محەممەد، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بازنەی هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەوەی یەکگرتوو باوەڕی پێیەتی جەماوەرەکەیەتی. بە چڕی لەسەر بازنەکان کارمان کردووە و تەنانەت لە زۆر شوێن ماڵ بە ماڵ گەڕاوین."
ئەو بەربژێرەی یەکگرتوو گوتیشی، لەو ناوچانەی ماڵ بە ماڵ گەڕاون لە سنووری کۆیە و دەوروبەری "حیزبی دەسەڵات لەدوای ئێمە رۆیشتووەتە هەندێک لە ماڵەکان و پێی گوتوون، نابێ دەنگ بەوان بدەن."
هاوژین محەممەد گوتیشی، "هەولێر یەکگرتوو بێ ئومێد ناکات، یەکگرتوو لە 8 ساڵی رابردوودا لە هەولێر جگە لە خزمەتکردن هیچی دیکەی نەبووە. نوێنەرانەکانیش لە بەغدا ئەگەر سەر بە بازنەی دیکەش بووبن، لەوێ خزمەتی هەولێریان کردووە، بۆیە دڵنیاین خەڵکی هەولێر ئەمە لەبیرناکات و نەک کورسییەک رەنگە بەرەو دوو کورسیش بڕۆین."
بە بڕوای هاوژین محەممەد، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق "دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە بێ، بەتایبەت لەو بڕگە و مادانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە."
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان 16 بەربژێری هەیە، بەسەر سێ بازنەدا دابەشبوون، بەم شێوەی خوارەوە:
لە بازنەی دهۆک چوار بەربژێر
لە بازنەی هەولێر چوار بەربژێر
لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە هەشت بەربژێر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ