رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، لە سنووری کەسنەزان ئاگر لە ماڵێک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ئافرەتێک جەستەی بە تەواوی سووتاوە و گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە 08-01-2024 موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 01:56 خولەکی بەرەبەیان پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵ کراوە، راستەوخۆ تیمی بەرگریی شارستانیی کەسنەزان و بنەسەڵاوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاگرەکە لە سنووری کەسنەزان لە هەولێر ستی نزیک جووت سایدی لاوان بووە، دوو خوشک لەو ماڵەدا ژیاون، کە عەرەبن و یەکێکیان تەمەنی 17 ساڵ و ئەوی دیکەیان نزیکەی 25 ساڵ بووە.
کاروان میراودەلی گوتیشی، "بەهۆی ئاگرەکەوە کچە تەمەن 17 ساڵەکە بە تەواوی سووتاوە، بەڵام خوشکەکەی دیکەی خۆی رزگار کردووە و سەلامەتە، سێ ژوور لە ماڵەکەشیان سووتاوە."
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانین، چونکە کەیسەکە بووەتە کەیسی بەڵگە و تاوان، چونکە کەسێک بەهۆیەوە سووتاوە، بۆیە پۆلیسی خۆجێیی هاتوونەتە نێو رووداوەکە و ئەوان لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری رووداوەکە دەکەن."
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەم ساڵ 19 رووداوی جۆراوجۆری ئاگرکەوتنەوە روویانداوە و بەهۆیەوە پێنج ماڵ سووتاون، ئەمەش یەکەم رووداوی گیان لەدەستدانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ