رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێشبینی نمەباران لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ئیدارەی راپەڕین دەکرێت. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش هەیە.
رۆژی دووشەممە، 08-01-2024، بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ (08-01-2024) ئاسمان نیمچە هەور و لە ناوچە شاخاوییەکان هەورى تەواو بێت، سبەی سێشەممەش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لەگەڵ بارینى نمەباران لە درەنگى شەو لەناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانى پارێزگاى هەولێر، دهۆک و ئیدارەى راپەرین.
محەممەد کەمال، شارەزایەکی کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی پێشبینییەکان لە رۆژی چوارشەممەوە 10ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێن نزیکەی 140 ملیم باران دەبارێت، وەکو ناوچە کوێستانییەکانی سلێمانی، قەڵادزی و رانیە. بەگشتیش زۆرترین باران لە سنووریی ئیدارەی راپەرین دەبێت کە رەنگە بگاتە 170 بۆ 180 ملیم."
بە گوتەی ئەو شارەزای کەشناسییە، "کاریگەری بارانبارین لە نێوان چوارشەممە و پێنجشەممە زیاتر دەبێت و دووبارە پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەکرێت بەتایبەتی لە سنووری ئیدارەی راپەرین و سۆران، دەورووبەری هەولێر و سلێمانی."
محەممەد کەمال گوتیشی، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە تاوەکو 15 مانگ بەردەوام دەبێت و رەنگە تاوەکو 16 مانگیش بەشێوەی پچڕپچڕ بەردەوام بێت.
لەبارەی بەفربارین محەممەد کەمال گوتی، "لەگەڵ هاتنی شەپۆلی بارانبارین بارستە هەوایەکی سارد تێکەڵ بەو شەپۆلە دەبێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت بۆیە لە 10 بۆ 13 مانگ ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، پێنچوێن، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، ئیدارەی سۆران، قەرەداخ و تەواوی ناوچەشاخاوییەکانی هەیە."
ئەو شارەزایە کەشناسییە لەبارەی پلەی گەرما گوتی، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم ببێتەوە، بەتایبەتی لەکاتی شەودا.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی سێشەممە کە لەلایەن کەشناسییەوە بڵاوکراوەتەوە بەمشێوەیەیە:
هەولێر: 16 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 15 پلەى سیلیزى
دهۆک: 14 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 18 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 15 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 19 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 8 پلەى سیلیزى
سۆران: 13 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ