کوردستان
د. رێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی بەشێک لە سەرکردایەتیی حیزبەکەی لە هەولێر لە ئەگەری مامەڵەی سەربەخۆی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەغدا رەتدەکاتەوە.
د. رێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری ئەو حیزبە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "کەناڵی رووداو ... هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە گوایە بەشێک لە سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی یەکێتی لە هەولێر یاداشتێکی ناڕەزاییان ئاراستەی بەڕێزان هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە و تێیدا هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە لە ئەگەری مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا و رادەستکردنی نەوت و داهاتی ئەو شارە لەلایەن یەکێتییەوە. ئێمە ئەو هەواڵە بە هەڵبەستراوی بێبنەما لە قەڵەم دەدەین."
لە روونکردنەوەکەی لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیدا هاتووە: "پێمانوایە ناوەڕۆک و کاتی هەواڵەکە ئامانجدارە لە بەرانبەر هەڵوێستەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکرنی کێشەکان و قەیرانەکان."
رۆژی دووشەممە 2021/02/08 سەرچاوەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "بەشێکی ئەندامانی سەرکردایەتی لە هەولێر و دهۆک هۆشدارییان داوەتە مەکتەبی سیاسی ئەگەر سلێمانی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، دەست لەکار دەکێشنەوە."
هەر لەو بارەیەوە فراکسیۆنی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "سەرلەبەری هەواڵەکە رەت دەکەینەوە و بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ هەڤاڵێکی ئێمە لێدوانی لەو شێوەیەی نەداوە."
سەرچاوەکە لەبارەی مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا بە رووداویان گوتووە: ئەو پەیامە "بەروونی" بە هاوسەرۆکانی یەکێتی گەیێندراوە و "ئەو ئەندامانە بە مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا رازی نین."
سەرچاوەکە باسی لەوەش کردبوو کە "بەشێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە بەغدا هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە ئەگەر نیەتی مامەڵەی جیای سلێمانی لەگەڵ بەغدا هەبێت."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی باسیان لەوە کردووە کە "دەستلەکار دەکێشنەوە و دەنگدەری خۆیان لە هەولێر جێناهێڵن."
رووداو زانیویەتی کە سەرکردایەتیی دهۆکی یەکێتی و ماڵی کۆسرەت رەسووڵ و بەشێکی کەرکووکییەکانی ناو یەکێتی بەتووندی مامەڵەی راستەوخۆی سلێمانییان لەگەڵ بەغدا رەتکردووەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی مامەڵەی ئەو پارێزگایەیان لەگەڵ بەغدا بە دوور زانی.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "سلێمانی تەنیا 11٪ی نەوتی هەرێمی کوردستانی لێیە و بۆ بودجەی بەکاربردنیش پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە. ئایا بەغدا ئامادەیە ئەم پارە بە جیا بۆ سلێمانی بنێرێت؟"
هەروەها بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێگرە لەوەی پارێزگاکان بە جیا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ