رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەوانەی لە مانگی یەک پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، بەهۆی زۆر بەکارهێنانەوە بووە.
ژمارەیەک لە هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی دەڵێن، پارەیەکی زۆریان بۆ هاتووەتەوە بۆ کرێی کارەبای مانگی یەک و داوا دەکەن بۆیان چارەسەر بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 08-02-2026، وەزارەتی کارەبا لەوبارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەینەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە رێگای یاسایی پەسەندکراوە".
وەزارەتی کارەبا لەبارەی هاتنەوەی پارەیەکی زۆر لە مانگی یەک بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت، لە مانگی یەک بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما "زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە کرێی زیاتریان بۆ هاتووەتەوە".
ئەو وەزارەتە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئەگەر گرفت بۆ هەر هاوبەشێک دروستبووبێت، "لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت بۆیان چارەسەر دەکەن".
وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوبەشانی رووناکی دەکات، کارەبا بەپێی پێویست بەکاربهێنن تاوەکو نەبێتە بارگرانی لەسەریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ