سەرۆک بارزانی: هەموو لایەك باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە

دوێنێ کاژێر 02:12
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان "هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە." پەیامێکیش ئاراستەی ئەو لایەنانە دەکات کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "باش بزانن کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە."
 
لە پەیامەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی بەداخە بۆ ئەوەی "شەڕ و گرژییەکی زۆر لە ناوچەکەماندا هەیە" و هیوای ئەوە دەخوازێت، هەرچی گرفت و کێشەیە لە رێگەی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێت، "چونکە هەمیشە شەڕ مایەی کاولکاری و ماڵوێرانییە."
 
سەرۆک بارزانی بە "جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆر"ی دەزانێت کە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی "موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ رێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن." دەشڵێت، "ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتییان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، "دەبێت هەموو لایەك باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێت و نابێت ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتییان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت."
 
بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆک بارزانی داوا لە حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات، "بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە."
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ رای گشتی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه‌.
 
لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
 
لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.
 
وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت.
 
مسعود بارزانی
8ی ئاداری 2026
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە