رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی دایە دوو هاوپەیمانی، 10 حیزب و 57 بەربژێری سەربەخۆ.
حاکم عومەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەشێوەیەکی پیشەییانە، هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بێ وچان کاردەکات بۆ پاراستنی دەنگی دەنگدەران و مافی بەربژێرەکان. هەروەها لێرەوە رایدەگەیەنین، کە کۆمیسیۆن لەوپەڕی ئامادەیی دایە بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد و بەپێی پێوانە نێودەوڵەتیەکان بێت."
تیروپشکەکە لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، 15 حیزبی کریستیان و 10 حیزبی تورکمان ناوی بەربژێرانیان پێشكەشی کۆمیسیۆن نەکردووە، پرسێک کە گومانی دواخستنی هەڵبژاردن بەهێزتر دەکات.
کارزان کەمال، بەربژێری سەربەخۆ دەڵێت، "ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردن دوا بخرێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت ئەنجام بدرێت، چونکە پرۆسەیەک دیموکراسییە و ناکرێت لەوە زیاتر دواخرێت، بۆ هەر ئەنجام دەدرێت بەڵام کەی؟ ئەوەیان نازانم."
زانا حەسەن، بەربژێری سەربەخۆ دەڵێت، "پێموانییە [هەڵبژاردن] دوابخرێت، ئەگەر دوابخرێت یان دوانەخرێت هەر لەبەرژەوەندیی ئێمە دایە، ئیشەڵڵا دەردەچم وەکو شۆڕشڤانێکی هەولێر و بەرگریکارێکی هەولێریەکانی شۆڕشی قەڵەم."
بایکۆت و ناڕەزایەتی 27 حیزبی هەرێمی کوردستان، لە سەرووشیاندا گەورەترین پارتی دەسەڵاتدار لە بڕیار و رێکارەکانی بەغدا، ئاسۆیەکی روونی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیراندا نەهێشتووەتەوە.
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕی پارەی پێویست، ئامێر و ستافی تەواوی لەبەردەستە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەو دەنگانەش نزم و کەم نین کە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی کۆمیسیۆن دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ