حەج و عومرە هۆشداری تووند لە حەجی بازرگانی دەدات؛ 'کێشەی شەرعی هەیە'

08-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری تووند لەبارەی بانگەشەی "حەجی بازرگانی" دەدات و دەڵێت، هەر کۆمپانیا و لایەنێک لەو بابەتەدا تێوەبگلێت رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو جۆرە حەجە کێشەی شەرعی هەیە". 
 
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئاداری 2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، داوای لە هاونیشتمانییان کرد، خۆیان لە پڕوپاگەندەی حەجی بازرگانی بە دوور بگرن، پارەی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن و ژیانی خۆشیان نەخەنە مەترسییەوە.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە گوتی: "هەرکەسێک بەو رێگەیە حەج بکات ئێمە لێی بەرپرس نین، کە دووچاری هەر کێشە و گرفتێک بێتەوە".
 
کاروان ستوونی، ئاماژەی بەوەشکرد، پار بەۆی حەجی بازرگانییەوە تووشی گرفت و کێشەی زۆر بوون، خەڵکێکی زۆر لەوێ کۆچیی دواییکرد. بۆیە هەر کۆمپانیایەک لەو بابەتە تێوەبگلێت رێکاری پێویست و تووندی یاسایی لەبەرامبەر دەگرنەبەر. 
 
عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "حەجی بازرگانی، کێشەی شەرعی هەیە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین، خۆیان لەو جۆرە حەجە بە دوور گرن و ژیانی خۆشیان نەخەنە مەترسییەوە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەندێک لە کەس و کۆمپانیا بە نهێنی بانگەشە بۆ ئەو جۆرە حەجە دەکەن.
 
رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە بارەی حەجی بازرگانییەوە بە رووداوی راگەیاند، سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرەیان ئاگادارکردووەتەوە، خۆیان لەو جۆرە حەجە بە دوور بگرن، هەرکەسێک لەو کارە تێوەبگلێت بە تووندترین شێوە سزا دەدرێت و تەنانەت دەگاتە وەرگرتنەوەی مۆڵەتەکەشی .
 
گوتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت پار کێشە و گرفتی زۆر دروستبوو، تەنانەت خەڵک لەوێ مردووە، هێشتا ئاشتەوایی لە نێوان خاوەن مردووەکە و حەملەدارەکە نەکراوە. 
 
26ـی مانگی رابردوو دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەگەڵ هەموو وەرزێکی حەجدا هەواڵ لەلایەن کۆمپانیای وەهمی و کەسانێکەوە لەبارەی بوونی حەجی بازرگانی بڵاودەبێتەوە، بەڵام تەواوی ئەو هەواڵانە دوورن لەراستییەوە.
 
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق  ئاماژەی بەوەکرد، لایەنی فەرمی عێراق کە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە هەیە، بەرپرسیارە لە پێدانی مۆڵەتی حەج و ڤیزە بۆ عێراقییەکان، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت حەج بکات.
 
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق و پێنج هەزار و 120 کەسیش لە هەرێمی کوردستان دەچنە حەج.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم کاروان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، بەڕێدەکەوێت و پڕۆسەکە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
گەشتی سەردانیکارانی رێگەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، بەسرە و نەجەف دەبن.
 
بە گوتەی مەیسەم سافی، گەشتەکان بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی جۆری بۆینگ 727 و دریم لاینەر و ئێرباس 787 دەبن، کە فڕۆکەی گەورە و فراوانن، خاوەن باشترین تایبەتمەندی جیهانین.
 
لە هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، رۆژی 16ـی مانگ یەکەم کاروانی رێگەی وشکانی حاجییان بەڕێدەکەون و رۆژی 19ـی هەمان مانگیش گەشتی ئاسمانیی حاجییان بۆ سعودیە دەستپیدەکات و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.