رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر گلەیی لە زیادبوونی سەگی بەرەڵا لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکانیان دەکەن. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت، "رۆژانە 40 بۆ 50 سەگ لەنێو گەڕەکەکانی هەولێر کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە شێڵتەری هەولێر."
چەند هاونیشتمانییەک لە گەڕەکەکانی هەڤاڵان و هەولێری نوێ پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداوەوە کردووە و دەڵێن، سەگی بێلانە و بەرەڵا زۆر بووە و مەترسی لەسەر ژیانی منداڵ و دانیشتووانی گەڕەکەکە دروست کردووە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، رۆژانە خەڵک پەیوەندیمان پێوە دەکەن و بەدواداچوون بۆ گرفتەکان دەکەین و بەردەوامیش تیمەکانمان هەڵمەتیان دەبێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتیشی، ئێستا لە گەڕەکەکانی هەولێر نوێ، رۆشنبیری، فەرمانبەران، ژیان، 32ـی پارک و هەڤاڵان دەزانین زۆرترین سەگی بەرەڵای لێیە و رۆژانە دوو تیمی بەڕێوەبەرایەتیمان هەڵمەتی کۆکردنەوە دەکەن و رۆژانە لەنێوان 40 بۆ 50 سەگ کۆدەکرێنەوە.
بەگوێرەی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لە سەرەتای کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر، تاوەکو ئێستا نزیکەی 16 هەزار سەگ کۆکراونەتەوە، ئێستا نزیکەی 10 هەزار سەگ لە پەناگەی هەولێر هەن.
بەگوتەی ژیار جەلال، هەردوو تیمەکەمان ئۆتۆمبێل و ئامێری پێویستیان بۆ دابینکراوە و رۆژانە ئەو سەگانەی کۆ دەکرێنەوە دەبرێنە پەناگەی هەولێر و ئەگەر نەشتەرگەرییان بۆ نەکرابێت، بەگوێرەی پرۆگرامی ڤێتێرنەری دەرزیی نەزۆککردن [خەساندن]یان لێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هاونیشتمانییان هەر سکاڵایەکیان هەیە، دەتوانن ئاگادارمان بکەنەوە یان سەردانمان بکەن و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ