زانیاری لەبارەی کوشتنی کچێکی 21 ساڵان بەدەستی دوو برای بووکی ماڵباتێک لە کفری

08-09-2025
هونەر حەمید
دایکی کچەکە داوای سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژەکان دەکات
دایکی کچەکە داوای سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژەکان دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە قەزای کفری، کچێکی تەمەن 21 ساڵان بە ناوی ئاڵا، کە تەنیا ساڵێک بوو بەشی پەرستاری تەواو کردبوو، بە چەقۆ لەلایەن دوو برای بووکی خزمێکیانەوە کوژرا.
 
ئەم رووداوە کاردانەوە و "خەمێکی قووڵ"ـی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی بۆ دایکی ئاڵا کە بە جەرگێکی سووتاوەوە داوای سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژانی کچەکەی دەکات.
 
حەیات ئیبراهیم، دایکی ئاڵا، بە دڵی پڕەوە بە رووداوی راگەیاند: "من نامەوێت لە زیندان بن و خواردنیان پێبدرێت، نامەوێت حوکمی ئەبەدی بێت، دەمەوێت لە سێدارەیان بدەن، هەردووکیان و بووکەکەشم."
 
ئەم داواکارییە تووندە، ئازار و قووڵی برینەکەی دایکێک دەردەخات کە کچەکەی لە بەهاری تەمەنیدا لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، دوو برای بووکەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سەردانی ماڵەکەیان کردووە. بەڵام دۆخەکە بە خێرایی گۆڕاوە بۆ شەڕ و پێکدادان، کە لە ژوورەوە دەستیپێکردووە و تا بەردەرگاکە درێژەی کێشاوە، لە ئەنجامدا خوێنی لێکەوتووەتەوە. جگە لە کوژرانی ئاڵا، خەزوور و زاوای خوشکەکەشیان بریندار کردووە.
 
رێبوار مەحموود، لێپرسراوی فریاکەوتنی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، بە رووداوی راگەیاند: "هەموو بریندارەکان بە چەقۆ بریندار ببوون، باوک و کوڕێک و کچەکەی بوو. رەوانەی نەخۆشخانەی کەلارمان کردن، بەداخەوە لەوێ کچێک گیانی لەدەستدا. باوک و کوڕەکە تەندروستییان باش نەبوو، ئەوەی پێمان کرا بۆیانمان کرد."
 
ئێستا یەکێک لە بکوژەکان کە برینەکەی سووک بووە، دەستگیرکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ تۆمەتباری دووەم دەرچووە. چاوەڕوان دەکرێت لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتری رووداوەکە و هۆکارەکانی ئەم تاوانە دڵتەزێنە بەردەوام بن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.