رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، قووڵایی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بەغدایە، بەڵام رەخنەشی لە حکومەتی فیدراڵ گرت و گوتی، "ئاوا وڵات ناچێت بەڕێوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8-10-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر ئەو قسانەی کرد.
ئەو هەروەها رایگەیاند، "کێشەکە تەنیا لەوێدا نییە کە [لە عێراق] دەستوور وەکو خۆی جێبەجێناکرێت، بەڵکو کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای زۆر هەن و لە بەغدا راگیراون کە کەلێنی دەستوور پڕدەکەنەوە. ئەوەش لە بەغدایە و ئەگەر کورد لە بەغدا بەهێز بێت، دەتوانن ئەو کەلێنانە پڕبکەنەوە".
پانێڵەکەی قوباد تاڵەبانی لە مێری تایبەت بوو بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە گوتی، "ئەگەر یاسایەکی نەوت و گاز هەبێت، تەنیا بۆ کوردستان نییە، بۆ بەسرە و ئەنباریش باشە. دڵنیاییەکی زیاتریش دەداتە وڵاتەکە کە کۆمپانیا جیهانییەکانیش بێنە عێراق و بەبێ دوودڵی کار بکەن".
راستەوخۆ.. قوباد تاڵەبانی لە دیداری مێری قسە دەکات
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 8, 2025
https://t.co/93Ak8OYYwq
دەقی پرسیارەکان، هەروەها وەڵامەکانی قوباد تاڵەبانی:
پرسیار: پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
قوباد تاڵەبانی: پەیوەندییەکە کە هەمووکات بەرزی و نزمی هەبووە. ئێستا کە ئێمە لەم هۆڵە دانیشتووین، جۆرێک لە هاوئاهەنگی هەیە، جۆرێک لە رێککەوتن هەیە، بەڵام لەوانەیە سبەی دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە بێت. بۆیە ئێمە دەبێت لەو دڵەڕاوکێیە تێپەڕین، دەبێ لە سیاسەتکردن بە میزاج تێپەڕین. پەیوەندیی حکومەتەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەبێ بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی دەستووری عێراق و پەیوەندیی دامەزراوەیی؛ پەیوەندیی نێوان دامەزراوە فەرمییەکان، وەزارەت بە وەزارەت، پەرلەمان بۆ پەرلەمان؛ دوور بکەوێتەوە لەم جۆرە پەیوەندییەی کە رۆژێک باش بێت و رۆژێک خراپ. رۆژێک خوێندنەوەیەک بۆ بڕیارێک دەکرێ و رۆژێکی دیکە خوێندنەوەیەکی دیکە. بۆیە ئێستا کە دانیشتووین، رێککەوتن هەیە و لیست ئامادە دەکرێ و هەواڵی خۆشمان بیستووە کە مووچە دەدرێ، بۆیە ئێستا کە ئەم پرسیارەت لە من کرد، خراپ نییە.
پرسیار: لەوانەیە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسوودەیی زیاتریان پێوە دیار بێت. راستە؟
قوباد تاڵەبانی: خۆی لە خۆیدا؛ ئەم دەستەواژەیە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، خۆی لە خۆیدا هەڵەیە؛ هەڵە گەورەکە ئەم دەستەواژەیەیە. پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێرە و دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو هەرێمی کوردستان بکات. پایتەختی عێراقیش بەغدایە و دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو عێراق بکات.
پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا راستە؟ بۆیە دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ گەڕانەوە بۆ پەیوەندیی دامەزراوەیی و تێگەیشتنێک کە پێم وایە لە هەرێمی کوردستان دەبێ بچەسپێت: قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە. کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، بێگومان خۆشحاڵم کە حیزبەکەی من، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمە تێگەیشتووە و هەوڵێکی زۆری داوە تاوەکو پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێز بکات، تاوەکو گەنگەشە و گفتوگۆکان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بکرێ، نەوەک لە سلێمانی و هەولێر. ئێمە دەبێ بگەینە ئەو تێگەیشتنە وەک هەرێمێک کە قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەغدایە.
لەلایەکی دیکەوە دەبێ تێگەیشتنێک بچەسپێت لەنێو دامەزراوە فیدراڵییەکان کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و ماف و بەرپرسیارێتیی خۆی هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
بەڵام بۆشاییەکە لە کوێدایە؟ بۆشاییەکە لەوەدا نییە کە تەنیا دەستوور وەک خۆی جێبەجێ ناکرێ، زۆر پڕۆژەیاسا هەن لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هێشتا پەسندنەکراون کە پێویستن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی ئەمڕۆ لە دەستووری عێراق هەن. ئەمەش نە لە هەولێر پڕ دەکرێتەوە و نە لە سلێمانی، بەڵکو لە بەغدا پڕدەکرێتەوە. بە هێزی ئێمە، بە یەکگرتوویی ئێمە لە بەغدا ئەمە پڕ دەکرێتەوە.
پرسیار: پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ زۆربەی کێشەکان. چۆن؟
قوباد تاڵەبانی: رێک وایە. ئێستا ئێمە لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. نامەوێ ئەمە بکەمە دەرفەتێک بۆ بانگەشە، بەڵام رێک سەیری گوتاری لایەنە سیاسییەکان بکە، هەمووی ئاراستەیە بۆ ئەوەی لە بەغدا بەهێز بین، بەتایبەتی حیزبەکەی خۆم کە دەڵێین هێزی تۆین لە بەغدا. بۆچی دەڵێین هێزی تۆین لە بەغدا؟ چونکە دووبارە ئەم پرسە گەورانە لە بەغدا چارەسەر دەبن. ئێمە دڵخۆشین هەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتوون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت، رێککەوتنێک هەیە، واژۆیەک هەیە، بەڵام ئەمە جێگیر نییە. عێراق یەک داهاتی هەیە، یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە کە نەوتە، بەڵام یاسایەکی نییە بۆ رێکخستنی ئەو کەرتە. چۆن وڵاتێکی گەورە کە 46 ملیۆن کەس دانیشتووی هەیە تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵاتەکە سامانێکی سرووشتی بێ کە نەوتە و یاسایەکیش نەبێ بۆ ئیدارەدانی ئەو کەرتە؛ ئەمە کارەساتە. بۆیە پێویستیمان بە یاسایەکی نەوت و گازە کە لە بەغدا پەسندبکرێ و ئیدی دوور بکەوینەوە لەو خوێندنەوە جیاوازانەی لە 2007ـوە دەناڵێنین بە دەستییەوە؛ ئەمە کامە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و کامە دەسەڵاتی فیدراڵییە و کامە دەسەڵاتی هاوبەشە.
خۆت لەبیرتە وەک راوێژکار زۆرجار لەسەر ئەم پرسانە پرسیارت لێ دەکرا کاتێک لە بەغدا بوویت. بۆیە کە تۆ یاسایەکت هەبوو یاساکە پەسندکراوە و جێبەجێ دەکرێ، ئەو کاتە روون دەبێت و دەردەچین لە میزاجی تاکە کەسی، وەڵڵا ئەمڕۆ تووڕەم و جێبەجێی ناکەم و ئەمڕۆ دڵم خۆشە و جێبەجێی دەکەم.
پرسیار: ئەگەر یاسای نەوت و گاز نەبێت، رەنگە دەرچەکە هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، چونکە هەندێک کەس نایانەوێ ئەم یاسایە دەربچێت. راستە؟
قوباد تاڵەبانی: لەوانەیە هۆکار زۆر بن. لەبیرمە ساڵی 2007 رەشنووسێک هەبوو، 2010 رەشنووسێک هەبوو، 2012 رەشنووسێک هەبوو، 2018 رەشنووسێک هەبوو، ئێستاش وابزانم سەری د. ئامانجمان سپی کرد بەم بابەتە، چەندین رەشنووس هەبوون. بەڵام ناکرێ بەو شێوەیە بەردەوام بین و ئەمە ئەرکێک نییە کە تەنیا بە حکومەتی فیدراڵی بسپێردرێ. دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ سەردەمی جەنابی مام جەلال. ئەوکات پرسە ستراتیژییەکان لە بەغدا گەنگەشە دەکران، پرسە ستراتیژییەکان لە بەغدا چارەسەر دەکران، پرسە ستراتیژییەکان کە پەیوەندییان بە عێراق، ناوچەکە، پرسی نێودەوڵەتی و دۆخی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوە هەبوو، هەموویان لەوێ گەنگەشە دەکران.
لە سەردەمی نەخۆشکەوتنی جەنابی مام و دوای کۆچی دواییەکەی، تاوەکو ئێستا بۆشاییەکی زۆر گەورە هەبووە بۆ کورد و کوردستانییەکان لە لووتکەی ناوەندی بڕیار لە عێراق. ئێستا ئێمە ئەم تێڕوانینە (بۆشایی دوای مام جەلال) دەگۆڕین و دەڵێین بەغدا قووڵایی ستراتیژیی ئێمەیە. ئێمە دەبێ بیسەلمێنین کە چووین بۆ بەغدا، بەهێزەوە دەچین، نەوەک هێزی سەربازی، بەڵکو هێزی جەماوەری، سیاسی و دەستووری، لەوێ گەنگەشە و شەڕ بکەین لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عێراق، نەوەک تەنیا کورد.
ئەگەر یاسایەکی نەوت و گاز هەبێت، ئەو کاتە بۆ بەسرەش باش دەبێت، بۆ ئەنباریش باش دەبێت، بۆ ناوچەکانی دیکەش باش دەبێت کە سامانی سرووشتییان هەیە. متمانە و دڵنیاییەکی زیاتر دەدات بە وڵاتەکە بۆ ئەوەی کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوتیش بێن لە چوارچێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان بکەن. ئێستا دڵەڕاوکێیەک هەیە، راستە دەرفەت هەیە، کۆمپانیاکان کاردەکەن، بەڵام هەموویان دڵەڕاوکێیان هەیە و لەوانەیە ئەمڕۆ شایستەکانیان زیاد بێت، لەبەر ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکەیان و ئەرک و کارەکانیان. بۆیە پێم وایە یاسای نەوت و گاز وەکو جەنابیشت ئاماژەت پێدا، دەتوانێ ببێتە دەستوورە ئابوورییەکەی عێراق کە ئەوەم بەدڵە. راستە تاوەکو ئەوکاتەی نەوت تاکە سەرچاوەی وڵاتەکەیە، بێگومان کە یاساکە پەسند کرا دەبێ وڵاتەکە کار لەسەر هەمەجۆرکردنی داهاتەکانی بکات، دەبێ گرنگییەکی زیاتر بدات بە کشتوکاڵ و وەک ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کردوومانە، بە سوپاس و رێزەوە بۆ وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە خۆی لێرەیە. دەبێ گرنگییەکی باشتر بدەین بە دەرفەتی وزەی جۆراوجۆر. وەزیرێکی پێشووی کارەبامان لێرەیە کە ئێستا بەرەو دۆخێک دەڕۆین لە هەرێمی کوردستان کە کێشەی کارەبا بەرەو چارەسەربوون دەچێ. دەبێ گرنگییەکی زیاتر بدەین بە وەبەرهێنان لە دەرفەتە جیاجیاکان و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین.
چی بەسەر عێراق دێت ئەگەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا ببێتەوە 50 دۆلار یان 45 دۆلار و خوارتر؟ کارەسات روودەدات، ئەو کاتە نەوەک تەنیا مووچەی هەرێمی کوردستان دەبێتە کێشە، مووچەی بەسرەش دەبێتە کێشە. بۆیە چی بەرنامەیەک دانراوە بۆ پاراستنی ئابووریی عێراق لە کاتی بەرزبوون و دابەزینی نرخی نەوت؟ ئەمانەن ئەو کێشانەی کە [دەبێ] سیاسەتڤانان لە ئاستێکی باڵادا دیدگاکە دابڕێژن و حکومەتی فیدراڵی وەک لایەنی جێبەجێکار جێبەجێی بکات و هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دەستووری-سیاسی، بەشی خۆی لەو بەرنامەیە گشتییە جێبەجێ بکات.
پرسیار: سەبارەت بە دۆخی کەرکووک قسەمان بۆ بکە. چۆنە؟
قوباد تاڵەبانی: دەزانیت کە من خۆشم خەڵکی کەرکووکم؟ ئێمە قوتابیی مام جەلالین، نەوەک هەر کوڕی مام جەلال، قوتابی مام جەلالین و یەکێتییش حیزبی مام جەلالە، بۆیە سیاسەتەکانی یەکێتی لە سەرۆکی یەکێتییەوە بگرە تاوەکو هەریەکە لە ئەندام و کادیرانی یەکێتی، چ لەنێو حیزب و چ لەنێو حکومەت، باوەڕمان بە دیدگای مام جەلالە بۆ کەرکووک. دەبێ هەموو پێکهاتەکان لە کەرکووک پێگەیان هەبێت، هەموو پێکهاتەکان کەرکووک بە هی خۆیان بزانن، لە حکومەت، لە ئابوورییەکەی، لە کۆمەڵایەتییەکەی، لە مێژووەکەی لە ئێستا و لە داهاتوودا، بەتایبەتی ئەو پێکهاتە رەسەنانەی کەرکووک کە کورد، تورکمان و ئەو عەرەبانەن کە رەسەنن بۆناوچەکانی کەرکووک، بۆ کریستیانە بەڕێزەکان کە رەسەنن لە کەرکووک. بۆیە ئەمە سیاسەتی یەکێتیش بووە کە ئێستا پارێزگاری کەرکووک کوردێکە و یەکێتیشە، من دەستخۆشی لێ دەکەم، چونکە من نەمبینیوە کاک رێبوار تەنیا کار بۆ کورد بکات لە کەرکووک. من دەبینم رۆژێک لە گەڕەکێکی تورکمانی دەردەکەوێ، رۆژێک لە گەڕەکێکی عەرەب دەردەکەوێ، رۆژێک لە گەڕەکێکی مەسیحیان دەردەکەوێ و رۆژێک لای خوشک و برایانی کاکەییە. رەنگ بێت کەمترین دەرکەوتنی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێت لە کەرکووک.
راستە خوشک و برا تورکمانەکان لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا و لەنێو پۆستە کارگێڕییەکان بە شێوەیەک بایکۆتیان کردووە و پێم ناخۆشە، بەڵام [رێبوار تەها] راوێژیش دەکات لەگەڵ خوشک و برایانی تورکمان، بەر لەوەی هەنگاوێک بنێت، راوێژێکی باش دەکات لەگەڵ خوشک و برایانی عەرەب بەر لەوەی هەنگاوێک بنێت. بۆیە من راستە کاک رێبوار هاوڕێمانە و مافی خۆمانە هەندێک وەسفی بکەین، بەڵام لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە، چ سەرۆک بافڵ، چ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان گوتووە کە کاک رێبوار تۆ ئێستا پارێزگاری کەرکووکی، پارێزگاری کوردانی کەرکووک نیت و پێم وایە ئەگەر بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بکەین بۆ کاروچالاکییەکانی، بۆ سەردانەکانی، بۆ شێوازی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی، دەبینین کە چەند ژیرانە پرۆژەکانی دابەش کردووە بەسەر ناوچە جیاجیاکاندا و ئەمڕۆ کەرکووک چەند پاک و خاوێنترە بەراورد بە جاران، رێگەوبانەکەی رێکوپێکترە، خزمەتگوزارییەکانی باشترن، کاری دامەزراوەکان بەراورد بە جاران باشترە. من پێم وایە کاری باشی کردووە و چاوەڕێین کاری باشتریش بکات. ئیدی هەوڵ دەدات، لەوانەیە لەم کەشەدا لەمە زیاتری پێ نەکرێ، بەڵام بەردەوام دەبێت، هەر خۆیشی نییە بێگومان، تیمێکی باشی لەگەڵدایە، تیمەکەشی من چووم سەردانم کردن، عەرەبی تێدا بوو، تورکمانی تێدا بوو، کوردی بێلایەنی تێدا بوو. تیمەکەی کە کۆی کردووەتەوە، بە جیدی کەرکووکییانە کار دەکەن و ئەمەیە سیاسەتی مام جەلال، ئەمەیە رێبازی مام جەلال، ئەمەیە بەرنامەی مام جەلال.
پرسیار: پێت وایە گفتوگۆیەک دەبێت لەنێوان لایەنەکان بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک؟
قوباد تاڵەبانی: دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە. پێم وایە ئەگەر ئەو سەردەمە دۆخە سیاسییەکە لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بووبێ کە گرژییەک هەبووبێ لەنێوان یەکێتی و پارتی و رەنگ بێت دراوسێیەک لە دراوسێیەکانمان کەمێک نیگەران بووبێ لەو دۆخە، ئەگەر ئێمە هەندێک لە نەفسییەتی ئەوکاتی هەموومان تێپەڕین و بێین بە چاوی ئەمڕۆ سەیری کەرکووک بکەین، پێم وایە بڕیارێکی زۆر قورس نابێت بۆ خوشک و برایانی تورکمان کە بێنەوە سەر ئەرکی خۆیان و برایان و خوشکانی عەرەبی دیکە کە لە دەرەوەی پرۆسەکەن، بێنەوە نێو ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارە. ئەگەر بە چاوی هەستیاریی چەند ساڵێک لەمەوپێش سەیری دۆخەکە بکەین، بەڵێ زۆر قورس بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە دۆخەکە ئارامترە و پەیوەندیی یەکێتی و پارتی باشترە، پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا هەندێک باشترە، بۆیە پێم وایە ئەم کەشەی ئێستا، بەتایبەتی بۆ شوێنێکی گرنگی وەک کەرکووک و رێککەوتنێکی نوێ زۆر لەبارترە.
پرسیار: دەتوانین بڵێین ئەو پرسانەی باست کردن هەموویان وەکو پاکێجێک بۆ کەرکووک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟
قوباد تاڵەبانی: نا، پێم وایە هیچ پێویست ناکات ببەسترێتەوە بە دانوستاندن و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. من پێم وایە، واتا ببوورن داوای لێبووردن لە خوشک و برایانی پارتی دەکەم، زەرەریان کردووە کە بایکۆتی ئەنجوومەنی پارێزگا و حکومەتی خۆجێیی کەرکووکیان کردووە، قازانجیان نەکردووە.
بڕۆ لە هەر پارتییەک بپرسە کە دانیشتووی کەرکووکە، لە ناخی دڵییەوە شانازی دەکات کە کوردێک پارێزگاری کەرکووکە، بەڵام چی بکەین، حیزبەکەیان بڕیارێکی داوە و پارتیش پابەندە بە بڕیارەکە. کاتێک حیزبەکە بڕیارێک دەدات کادیرەکانیان جێبەجێی دەکەن، بۆیە حەقە پێداچوونەوەیەک بکەن بەوەدا، هیچ پێویست ناکات ئەمە ببێتە بەشێک لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێم وایە هەموو کەسێک کە بیەوێ خزمەت بە کەرکووک بکات، دەبێ ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات کە خەڵکی کەرکووک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە متمانەیان پێ بەخشیون و دەنگیان پێداون.
پرسیار: پێت وایە حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا یەکدەنگ دەبن؟
قوباد تاڵەبانی: مێژوو سەلماندوویەتی کەی لایەنە کوردستانییەکان پەرت بوون، لاواز بوون. کەی لایانە کوردستانییەکان یەک بوون، بەهێز بووین. ئەمە شتێکی زۆر ئاڵۆز نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پارتی و یەکێتی دوو حیزبین و رکابەری یەکدین، لەوەتەی هەین رکابەری یەکدی بووین، بەر لەوەی یەکێتیش هەبووبێت لەنێو پارتیدا رکابەری هەبووە، ئەمە زۆر شتێکی ئاساییە لەسەر سیاسەتی هەرێمی کوردستان و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان کە رکابەری هەبێت، جیاوازی هەبێت لە بیروڕادا، زۆر سرووشتییە و ئەوە پێچەوانەکەیەتی ئاسایی نییە. بەڵام بۆ هەندێک پرسی ستراتیژی کە پەیوەندییان بە داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەخوا حەقە یەک بین؛ یەک نەبین لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، هەرێمی کوردستان زەرەر دەکات و ئەوە میوزیکەکەشیان لێدا واتا بەسە قوباد. زۆر سوپاس دەستان خۆش بێت و لەشتان ساخ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ