رووداو دیجیتاڵ
رووسیا بانگهێشتکراوە بۆ چاودێری خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەڵێت: " بانگەشەی هەڵبژاردن ئارامترە بەراورد بە رابردوو". دۆخی عێراقیش بە سەقامگیر دادەنێت و دەڵێت ، "کارەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن.''
رووسیا لەرووی ئابووریی و سیاسییەوە عێراق وەکو "دۆست"ـی خۆی ناودەبات و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دووپات دەکاتەوە.
ئیلبرۆس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لەعێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ شەهیان تەحسین پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند: "بانگهێشت کراوین بۆ چاودێری کردن و وەکو چاودێر بەشدار دەبین، ئێمە ئەزموونی پێشترمان هەیە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان وەکو چاودێر.''
رووسیا لە عێراق وەکو چەندین وڵاتی دیکە چاودێری پرۆسەکە دەکات، چاوی لەوەیە هەڵبژاردن بە رێک و پێکی و بێ کێشە بەرێوەبچێت، باڵیۆزی وڵاتەکە دەڵێت، "ئێمە وەکو میوانی ئەم وڵاتە، بە شێوەیەکی سرووشتی پشتگیری لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەین لە کاتی خۆیاندا. پێش هەموو شتێک، بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکان دەکەین. پێویستی چییە بۆ هەڵسەنگاندن؟ دۆخی عێراق چۆنە؟ خوا نەخواستە، ئایا شیاوی تەقینەوەیە یان جێگیرە؟ سوپاس بۆ خودا، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی مەترسیدار تا رادەیەکی دیاریکراو نابینین."
بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق کۆتایی هات، لەماوەی زیاتر لە مانگێکدا رووداوی جۆراوجۆر روویاندا، بەربژێرێک لە بەغدا کوژرا، سەرەڕای رەخنە و قسەی تووندی لایەنەکان بۆ یەکدی، باڵیۆزی رووسیا لەوبارەوە دەڵێت: "سەبارەت بە تۆمەتە ئاڵوگۆڕکراوەکان و هەڵمەتی تۆمەتبارکردنی ئەم دواییە، لە هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا ئەم دیاردەیە هەیە. گرنگ ئەوەیە کە بەربژێرەکان لە عێراق دووچاری کردەوەی تیرۆرکردن نەبوونەتەوە."
نوێنەرەکەی رووسیا لە عێراق روو لەوانە دەکات رەخنە لە عێراق دەگرن، دۆخی عێراق و وڵاتانیش بەراورد دەکات لە بانگەشەدا و دەڵێت: "دەمەوێت بیریان بهێنمەوە لە ئەمریکا دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ درا پێش ئەوەی هەڵبژێردرێت."
ئەو پێی وایە :" کارەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچن." دەڵێت، "من هەستدەکەم تەنانەت ئەم هەڵمەتە ئارامترە بەراورد بە هەڵمەتەکانی پێشوو. "
دیار نییە رووسیا چەند چاودێری دەبێ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەم رووسیا، هەم ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان دەبنە بەشێک لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
رۆژی یەکشەممە 9-11-2025 دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 26 هەزار و 538 دەنگدەر لە ئاوارەکان بڕیارە دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ