سەربەست ئامێدی: 1600 سەرپێچیمان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکردووە

08-11-2025
بیلال ئەحمەد @belalahmed8787
سەرۆکی (رێکخراوی ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی)
سەرۆکی (رێکخراوی ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی)
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی (رێکخراوی ستێپ بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی) رایگەیاند، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە سەرتاسەری عێراق، 1600 سەرپێچییان تۆمارکردووە کە زۆرترینیان لە بەسرە و هەولێر بوونە. دەشڵێت، پارەیەکی زۆر لەم بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجکرا.
 
سەربەست ئامێدی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات باسی لە  پێشێلکارییەکانی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاشکرای کرد، "زۆرترین پێشێلکاری لە هەولێر و بەسرە تۆمارکراون." 
 
"ئەمجارە پێشێلکارییەکان زیاتربوون و تۆڕەکانی چاودێری تاوەکو سێ رۆژ پێش ئێستا زیاتر 1600 پێشێلکارییان لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکردووە، ئەمە جگە لەو پێشێلکارییانەی کە کۆمیسیۆن و لایەنەکانی دیکە تۆماریان کردووە." جگە لە هەولێر و بەسرە پارێزگاکانی دیکە لە یەکەوە نزیک بوون.
 
سەربەست ئامێدی ئاماژەی بە جۆری پێشێلکارییەکان کرد و گوتی، "بەکارهێنانی باڵەخانەکانی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، دڕاندن و شێواندنی پۆستەر و وێنەی لایەن و کەسانی دیکە، هەندێجار تووندوتیژی لە گوتاردان، لە هەندێ شوێنیش دەستدرێژی کراوە و لەوانەش کوشتنی بەربژێرێک، ئەمە جگە لەوەی قەبارەی هەندێ لە پۆستەرەکان زۆر گەورەبوون و رێگەی خەڵک و شەقام و شوستەکانیان گرتبوو." 
 
کاژێر 7:00 بەیانیی رۆژی شەممە 8/11/2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق کۆتاییهات، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هۆشداری بە لایەن و بەربژێرەکان دا کە ئەگەر دوای کاژێر 7:00 بەیانی بەردەوام بن لە بانگەشە، رووبەڕووی سزاد دەبنەوە کە رەنگە بگاتە ئاستی دوورخستنەوەی بەربژێر. 
 
سەرۆکی رێکخراوی ستێپ باسی جۆری پێشێلکارییەکانی دوای کۆتاییهاتنی بانگەشە دەکات و دەڵێت، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێشێلکارییەکان هەڵدەسەنگێنن، ئەگەر نزیک بنکەی دەنگدان بن سزاکەیان زیاتر دەبێت، ئەگەر بەربژێر بەردەوام بێت لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بانگەشەکردن سزا دەدرێت، چونکە ئەوە ئەو ماوەیە دیار کراوە بۆ ئەوەی دەنگدەر کاتی هەبێت بۆ بڕیاری کۆتایی بدات و یەکێک لە لیست و بەربژێرەکان هەڵبژێرێت." 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردن دا، قەدەخەیە قەوارە و پارتە سیاسییەکان بانگەشە بۆ خۆیان و بەربژێرەکانیان بکەن، تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان.
 
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامانج لە بێدەنگیی هەڵبژاردن، فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاوسەنگە، کە رێگە بە دەنگدەر بدات بە ئازادی بیر بکاتەوە و نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت بەبێ کاریگەریی یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوا ساتەکاندا." 
 
داواشی لە حیزبە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کرد، "پابەند بن بە تەواوی رێنوێنییەکانی بێدەنگیی هەڵبژاردن بۆ پاراستنی پاکیی پرۆسەی هەڵبژاردن و یەکسانیی دەرفەتەکان بۆ هەمووان."
 
لەبارەی گوتاری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەربەست ئامێدی دەڵێت، "ئەو گوتارانەی کە هەڵگری تووندوتیژی بوون ئەمجارە لە کوردستان کەمتر بوو، کە ئاماژەیەکی باش بوو." 
 
لەبارەی ژمارەی چاودێری بیانی، سەربەست ئامێدی ئاشکرای کرد، "رێگری لە دوو رێکخراوی بیانی کراوە بەشداربن لە پرۆسەی چاودێری، "کۆمیسیۆن داوەتنامە بۆ هەندێ لایەن دەنێرێت، ئەم ساڵ بۆ کۆمکاری عەرەبی نێردراوە، بەڵام هەندێ لایەنی قبووڵ نەکردووە، لەوانە تۆڕی چاودێری عەرەبی و تۆڕێکی کوردی سووریا رەتکراونەتەوە، ئەم ساڵ پرسی چاودێری بیانی روون و ئاشکرا نییە، بەڵام بۆ چاودێری ناوخۆ ئێمە لە سەرتاسەری عێراق 8 تۆرین و زیاتر لە 300 رێکخراو لەگەڵ ئێمە کاردەکەن و چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە