رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ بەربژێری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە؛ هاوکات مستەفا سەنەدی بە 10 ملیۆن و وەزیری گواستنەوەشی بە 5 ملیۆن دینار سزا دا.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی سەجاد سالم حوسێن شاتی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە.
بڕیارەکە بەگوێرەی ماددەی (7/دووەم) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018 دراوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە سەجاد سالم "بە ئاشکرا سووکایەتی بە کەژاوەی حوسێنییەکان و بەشداربووانی مانگی موحەڕەم کردووە.''
سەجاد سالم، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لەسەر لیستی "هاوپەیمانیی بەدیل" لە پارێزگای واست بەربژێر کردبوو، لە هەڵبژاردنی رابردوودا، وەکو بەربژێرێکی سەربەخۆ توانیبووی 10,291 دەنگ بەدەستبهێنێت و چووە پەرلەمان.
بەگوتەی جومانە غەلای، جگە لە سەجاد سالم، کۆمیسیۆن هەریەک لە رابیعە عەباس قاسم و محەممەد گتوف مەنسوور عەنبەر، لە هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی و لە بازنەی بەغدا، دوورخستووەتەوە، بەربژێرێکی دیکەش بەناوی زیکرا مەهدی سەلمان گەڕێندراوەتەوە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن، جگە لەوەش هەشت بەربژێری جێگرەوەی دوورخراوەکان کێشەی بەڵگەنامەیان هەیە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سێ رۆژ مۆڵەتی پێداون بۆ تەواوکردنیان، بەپێچەوانەوە ناوەکانیان دەسڕدرێتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەروەها 10 ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر مستەفا سەنەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەربژێری لیستی "ئەبشر یا عێراق"ـدا سەپاند.
لە بڕیارێکی دیکەشدا ئەنجوومەنەکە 9 بەربژێری دیکەی بەهۆی سەرپێچیی بنەماکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێبژاردن سزاداون، حەوت لەو بەربژێرانە هەریەکەیان بە دوو ملیۆن دینار و دوو بەربژێری دیکەش بە پێنج ملیۆن دینار سزادراون، یەکێکیان رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراقە لە رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، عەبدولئەمیر حەسەن لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بە هەمان شێوە سزادراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ