سەرلیستی یەکێتی لە دهۆک دەڵێت، داواکراوە دەنگ بدرێتە کۆتای کریستیان و مەڵبەندی حیزبەکەش رەتیدەکاتەوە

08-11-2025
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
حەیدەر دۆسکی و سۆلین حەمەدەمین
 
سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک دەڵێت: "بڕیار بۆ رێکخستنەکانی یەکێتی نێردراوە لە دەنگدانی تایبەت دەنگ بە بەربژێرێکی کریستیان بدەن بەناوی ئەسیر یوحەننا، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتییش لە دهۆک رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، راست نییە و درۆیەکی گەورەیە.''
 
رۆژی شەممە 8-11-2025 محەممەد عوسمان، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "هیچ داوایەکی لەم شێوەیە نەگەیشتووەتە دەستمان و راست نییە.''
 
ئیمان عەبدولڕەزاق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "وەکو بەربژێر بەردەوامم و هیچ هەوڵ و بزاڤێکی لەوشێوە ئیرادەی من ناشکێنن، داوا لە هەر پێنج بەربژێر کراوە رۆژی 10ـی ئەو مانگە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر ئامادەبن، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی.''
 
لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە ئیمان عەبدولڕەزاق دەڵێت: "نازانین بۆ چ ئامانجێکە، بەڵام لە کۆبوونەوەکە ئامادە نابم و سوورم لەسەر بەردەوامیم وەکو بەربژێرێر بۆ خولی شەشەم، ناکشێمەوە لە رکابەری.'' 
 
لە بەرامبەردا محەممەد عوسمان دەڵێت، "رەنگە لەگەڵ ئەو بەربژێرانە کۆببینەوە، بەڵام نەک بۆ داوای کشانەوەیان.'' 
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێنج بەربژێری هەیە لە بازنەی دهۆک، سێیانیان پیاو و دووانیان ژنن، حیزبەکە یەک کورسی دهۆکی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا، ئیمان عەبدولڕەزاق لە لیستی یەکێتی لە خولی رابردوو بووە پەرلەمانتار و لەو خولەش بەربژێر کراوەتەوە.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکێتی 155 بەربژێری لە 7 پارێزگا هەیە، زۆرترینیان لە سلێمانییە کە 36 بەربژێرن و کەمترینیش لە سەڵاحەدین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە