رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی 'ریزەڵت' بۆ هەڵبژاردن و راپرسی، شێوازی بەکارهێنانی سیستمی سانتلیگۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شیدەکاتەوە و دەڵێت، جۆرێکە لە بەربەست لەبەردەم بەشێک لە لایەنەکاندا. پێشنیازی "تەنازولکردن"یش بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکات.
کارزان محەممەد، سەرۆکی رێکخراوی 'ریزەڵت' لەکاتی بەشداریکردنی لە رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، سیستمی سانتلیگۆی 1.7، کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەکاردەهێندرێت، جۆرێکە لە بەربەست لەبەردەم بەشێک لە لایەنەکاندا.
سیستمی سانتلیگۆ، ساڵی 1912 لەلایەن ئەندرێ سانت لیگۆی زانای فەرەنسییەوە داهێندرا، کە کۆی دەنگە دروستەکان دابەشی سەر ژمارە تاکەکان دەکرێت، وەک 1، 3، 5.. هتد.
ئامانج لە سیستمەكە "فەراهەمكردنی دادپەروەری بوو لە بەدەستهێنانی كورسیدا، تاوەکو چیدی پارتە گەورەکان لەسەر حسابی پارتە بچووکەکان کورسیی زیاتر نەبەنەوە."
بە گوتەی کارزان محەممەد، ئەو شێوازەی لە عێراقدا کاری پێدەکرێت، لە بەرژەوەندیی هێزە بچووکەکان نییە، چونکە دابەشکارییەکە لە 1.7ـەوە دەستپێدەکات.
سانتلیگۆ، بۆ یەکەمجار لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە سوید و نەرویج پەیڕەو کرا، ساڵی 2014یش بۆ یەکەمجار لە عێراق سیستمی سانتلیگۆ 1.6 بەکارهێندرا و دواتر بۆ 1.7 هەموار کرایەوە.
سیستمی سانتلیگۆ
سەرۆکی رێکخراوی ریزەڵت بۆ هەڵبژاردن و راپرسی، نموونەی پارتێکی سیاسیی هێنایەوە، کە لە بازنەیەکی هەڵبژاردندا 120 هەزار دەنگ دەهێنێت، کە لە هەنگاوی یەکەمدا دابەشی 1.7 دەکرێت و 70 هەزار و 588 دەنگ دەمێنێتەوە.
بەپێی ئەو ئەنجامە بێت، ئەو لایەنە بە 70 هەزار و 588 دەنگ کورسییەک دەبات، دواتریش کە دابەشی سێ دەکرێت 40 هەزار دەنگی بۆ دەمێنێتەوە، کەواتە ئەو لایەنە بە 120 هەزار دەنگ تەنیا دوو کورسی دەبات.
لە سیستمی سانتلیگۆدا نرخی کورسی دیاری نەکراوە، دەکرێت یەکەم کورسی بە ژمارەیەک دەنگ ببرێت کە پێنج ئەوەندە یان زیاتری نرخی دوایین کورسی بێت.
لەم سیستمەدا بەربژێرانی سەربەخۆش بۆ بەدەستهێنانی کورسی، هاوشێوەی لیستی لایەنەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، "ئەوەیش بەربەستێکی قورسە لەبەردەمیاندا."
سیستمی نوێنەرایەتیی رێژەیی
سیستمی نوێنەرایەتیی رێژەیی یەکێکی دیکەیە لەو سیستمانەی بۆ هەڵبژاردن بەکاردەهێندرێت، کارزان محەممەد گوتی، "ئەگەر ئەو سیستمە بەکاربهێندرێت، هەمان پارت هەمان دەنگ بهێنێتەوە و بەهای کورسی لەو بازنەیەش 40 هەزار دەنگ بێت، ئەو لایەنە دەتوانێت بەو 120 هەزار دەنگە سێ کورسی بەدەستبهێنێت."
باسی لەوەش کرد، لەم سیستمەدا ئەو لایەنانەی کە دەنگەکانیان ناگەتە کورسی، زۆرترین ماوەیان بۆ بەکاردەهێنرێت، کە ئەگەرێکە بۆ بەدەستهێنانی کورسی.
پێشنیازێک بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی: تەنازول بۆ یەکتر بکەن
سەرۆکی رێکخراوی ریزەڵت بۆ هەڵبژاردن و راپرسی، بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر چەند لیستێکی جیاوازدا پێشنیازی بۆ لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد "تەنازول بۆ یەکتر" بکەن.
کارزان محەممەد پێشنیازی کرد ئەو لایەنانە لە پێناو بەدەستهێنانی کورسیدا لە بازنەکانی هەڵبژاردن "تەنازول" بۆ یەکدی بکەن، چونکە "ئەگەر دەنگەکانیان لە هەر بازنەیەک نەگاتە کورسی دەفەوتێت."
باسی لەوەشكرد، دەرفەت لە بەردەم لایەنەکاندا نەماوە تەنیا دەتوانن لە رێگەی رێکخستنەکانیانەوە ئەو هەنگاوە جێبەجێ بکەن و لایەنێک لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیکە بکشێتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد، کاژێر 07:00 رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2025 بانگەشە راگیرا. رۆژی 9ـی تشرینی دووەم دەنگدانی تایبەت و رۆژی 11ی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ