رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چلەی ئەو ئەفسەر و دوو پۆلیسەی دهۆک بوو، کە بەهۆی تەقینەوەی سیستمی گازی سەمونخانەکەی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا. گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت: "تائێستا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون."
ئەمڕۆ دووشەممە 9-1-2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە دهۆکی راگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە تائێستا بەردەوامە و نەگەیشتووەتە ئەنجام. بەڵام ماڵباتی ئەو سێ پۆلیسەی شەهیدبوون، قەرەبوو دەکرێنەوە."
هێمن سلێمان گوتی: "لیژنەی پشکنین لە سیستمی گازەکە کۆتایی بە کارەکانی هێناوە و دوای ئەوەی سەرجەم لێکۆڵینەوەکان تەواو بوون، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەدرێتە دادگە و ئەوکات یاسا بڕیار دەدات کەس و لایەنی کەمتەرخەم لەو رووداوەدا کێیە و سزاکان چی دەبن و کێش قەرەبوو دەکرێتەوە."
شەوی 21-11-2022 بەهۆی تەقینەوەی تانکیی گاز لە سەربانی بەشە ناوخۆییەک لە دهۆک، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکە بریندار بوون. لە دوای رووداوەکە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارکردن بە سیستمی گازی ئێڵ پی جی راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ