رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ئاڵۆزییەکانی حەلەب و باکووری سووریان، سوپای ئیسرائیل دیمەنی مەشقی سەربازیی هێزە تایبەتەکانی لە کەشوهەوای بەفراوی و سەختدا لەسەر "لووتکەی چیای حەرمۆن (جبل شیخ) لە نێو خاکی سووریا" بڵاوکردەوە.
رۆژی هەینی 09-01-2026، سوپای بەرگریی ئیسرائیل (IDF) لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، یەکەی یەدەگی (ئەلپینیست) زنجیرەیەک مەشقی ساڵانەی تایبەتیان تەواو کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئامانج لەم مەشقانە "ئامادەکردنی سەربازانی یەکەکەیە بۆ چالاکیی ئۆپەراسیۆنی لە دۆخی کەشوهەوای سەخت لەسەر لووتکەی چیای حەرمۆن لە سووریا."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی مەشقەکەدا، سەربازەکان راهێنانیان لەسەر کارکردن لە ناوچە شاخاوییە ئاڵۆزەکان کردووە و "کەرەستەی تایبەتمەندی یەکەکەیان بۆ چالاکی لە کەشوهەوای سەخت و بەفراویدا بەکارهێناوە."
ئەم مەشقە سەربازییە لە کاتێکدایە کە دۆخی سووریا لە زۆرترین ئاستی گرژیدایە و جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیلیش لە چاودێریکردنی دۆخەکە چڕ بوونەتەوە.
ئەم جووڵە سەربازییەی ئیسرائیل لەسەر چیای شێخ، هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵکشانی سیاسی و سەربازی لە سووریا.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دوێنێ (پێنجشەممە) ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی "مێژوویی" و گرنگ لەنێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و سووریا کراوە، کە بە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئاشتیی هەرێمی وەسفی کرد.
لە تەممووزی رابردوودا، کاتێک حکومەتی دیمەشق هێرشی کردە سەر پێکهاتەی درووز لە باشووری سووریا، ئیسرائیل بۆردوومانی دیمەشقی کرد بە پاساوی پاراستنی کەمینەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ