مەسەدە هۆشداری دەدات: ژیانی نیو ملیۆن کەس لە کۆبانێ لە مەترسیدایە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەدات و دەڵێت، زیاتر لە سێ هەفتەیە شارەکە رووبەڕووی "گەمارۆیەکی خنکێنەر" بووەتەوە، کە ژیانی نیو ملیۆن کەسی خستووەتە مەترسییەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی مەسەدە، کە ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، شاری کۆبانێ کە ئێستا جێگەی دانیشتووانی رەسەن و ئاوارەی عەفرین، شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، تەبقا و رەقەیە، بەدەست بڕینی سیستماتیکیی کارەبا و ئاو و رێگری لە گەیاندنی پێداویستییە پزیشکییەکان، خۆراک و سووتەمەنی دەناڵێنێت.
 
مەسەدە باس لەوە دەکات، ئەم دۆخە بووەتە هۆی تێکچوونی تەندروستیی هاووڵاتییان، بەتایبەت منداڵان و نەخۆشەکان کە ئێستا بەدەست کەمیی شیر و دەرمانەوە دەناڵێنن و زۆربەی بازاڕەکانیش بەهۆی نەمانی کاڵاوە داخراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، گۆڕینی شاری کۆبانێ بۆ کارتێکی گوشاری سیاسی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات "تۆڵەسەندنەوەیە" و ئەو شارەی کاتی خۆی بووە هێمای تێکشکاندنی داعش، ئێستا بەهۆی ئەو سەرکەوتنە مرۆییانەی بەدەستی هێناون، سزای بەکۆمەڵ دەدرێت کە ئەمەش بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەچێتە خانەی "تاوانی جەنگ."
 
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن و دەستبەجێ دەروازەکان بەڕووی هاووڵاتییاندا بکەنەوە، چونکە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، یەکپارچەیی سووریا بە برسیکردنی خەڵک دروست نابێت، بەڵکو بە پاراستنی کەرامەت و مافەکانیان دەبێت. هاوکات داوا لە هێزە نیشتمانی و دیموکراتەکانی سووریا کراوە لە بەرامبەر ئەم "تاوانە" بێدەنگ نەبن و هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا، مەسەدە داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە و رێگە لە هەرەسهێنانی باری مرۆیی بگرێت، چونکە ئەم دۆخە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات. 
 
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کراوە لێژنەی لێکۆڵینەوە و رێڕەوی مرۆیی بەپەلە بکەنەوە و ئەوانەی بەرپرسیارن لەم گەمارۆیە رووبەڕووی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی بکەنەوە.
 
سەرەڕای ئاگربەست لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هەسەدە، بەڵام هێشتا کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختدایە. بەگوتەی بەرپرسانی خۆجێی شارەکە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان پابەندی رێککەوتنەکە نین. ئامادەنین گەمارۆی سەر شارەکە هەڵبگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاوکارییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان

وەزارەتی دارایی 27 بارهەڵگر هاوکاری دەنێرێتە رۆژئاوای کوردستان

لە چوارچێوەی پاڵپشتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 27 بارهەڵگر هاوکاری بۆ ئاوارەکان دەنێرێت. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، هاوکارییەکان نزیکەی 9 هەزار پاکێجی خۆراک لەخۆدەگرن، کە کێشی هەر یەکێکیان 26 کیلۆگرامە