سۆسیالیست سێ کەس بۆ پۆستی وەزیری شەهیدان بەربژێر دەکات

09-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی پارتەکە بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانیان پێویستە.
 
دوای دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەو پارتە، پارتەکە دەڵێت، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە حیزب دراوە نەوەکو کەسێک و ئەوانیش بۆ گۆڕینی وەزیرەکە سێ کەسیان بەربژێر کردووە.
 
د. فەرهاد قادر، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فاتیح رەئووف، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی؛ ئامانج جەمال، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک و سادق جەباری، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان."
 
هەرسێ کەسەکە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسن و ناوەکانیان خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. فەرهاد قادر گوتی، بۆ پەسندکردنی یەکێکیان رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێویستە.
 
بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان، گۆڕینی وەزیر یان دانانی پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان هەیە؛ بەڵام فەرهاد قادر دەڵێت، بەهۆی کارانەبوونی پەرلەمانەوە، سەرۆکوەزیران دەتوانێت وەزیر بە وەکالەت دابنێت.
 
وریا سەعدی ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ وەزیرێک ناگۆڕدرێت بەبێ دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت وەزیر لاببات، بەڵام دەبێت وەزیرێک بە وەکالەت کارەکان بەڕێوەببات، نەک کەسێک لە دەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران."
 
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەسەر پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە و تاوەکو ئێستا نەیگوتووە پۆستەکە رادەست دەکاتەوە یان نا.
 
فەرهاد تۆفیق گوتی، کاتێک رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پۆستەکە بە حیزبەکەیان دراوە نەوەکو کەسێک، بۆیە بە مافی حیزبیی دەزانن کەسەکە بگۆڕن.
 
ئێستا پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ کۆنگرەی نائاسایی و دەیانەوێت پێش 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەکەیان ببەستن. فەرهاد تۆفیق دەڵێت، "عەبدوڵڵا حاجی مەحموود دەرکراوە و مافی بەشداریکردنی لە کۆنگرەدا نابێت."
 
5ی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
 
دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگای هەولێری پارتی سۆسیالیست، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی: "من هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
 
بە گوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود هەڵوەشانەوەی پۆستەکەی ئەو "لەنێو پەیڕەوی پارتەکەیان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزب نییە و بڕیارەکە پەیڕەوی نییە."
 
بڕیارەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدان، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان محەممەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.