رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە بەشێک لە مینەکان لە شوێنی خۆیان خزیون و چوونەتە خوارەوە؛ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چوار کەس بوونەتە قوربانی.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو بارانە بەخوڕەی لە چەند رۆژی رابردوودا باریوە، مین و تەقەمەنییەکان لە قەدپاڵەکان خزیون و شوێنیان گۆڕاوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست دەکات."
جەبار مستەفا داوای لە هاونیشتمانییان کرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن کاتێک دەچن بۆ هێنانی گیای بەهارە و گوتی، "داوا دەکەین هاونیشتمانییان هەر کاتێک تەنێکی نامۆیان بینی، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (182) یان دەزگاکەمانەوە بکەن بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو نەکەوێتەوە."
لەبارەی بەو ناوچانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، سەرۆکی دەزگای کاروباری مین گوتی، قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەم دێت، دوای ئەویش قەزاکانی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئامێدی لە سنووری دهۆک دێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، دوو کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەبارەی رووبەری ئەو خاکەی هێشتا مینڕێژکراوە، جەبار مستەفا وردەکاریی ئامارەکانی خستەڕوو:
کۆی رووبەری مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە.
رووبەری پاککراوە: 576 کیلۆمەتری چوارگۆشە.
رووبەری ماوە: 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە (لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین).
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، لە ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ