رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند ژیوار حاجبی، ناسراو بە خەتەر، کە خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە تەمەنی 43 ساڵیدا لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.
خەتەر لەدایکبووی ساڵی 1982ـە و لە منداڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی چوونەتە ئەڵمانیا.
تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی نازانرێت، بەڵام شەوی رابردوو (شەوی پێنجشەممە 8-5-2025) گیانی لەدەستداوە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت، لە شارەکەی خۆی، لە کۆڵن گیانی لەدەستداوە.
چەندین کەسی نزیکی گیانلەدەستدانی خەتەریان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە.
هێشتا ماڵباتەکەی هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هاوڕێ هەرە نزیکەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیدا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
ژیوار حاجبی، راپەر و پرۆدیوسەر و کارسازی ناسراوی کوردستانی و ئەڵمانی، یەکێکە لە کاریگەرترین هونەرمەندەکانی 30 ساڵی رابردووی بواری راپ لە ئەڵمانیا و ئەورووپا.
میدیای ئەڵمانیا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی بە ''ئەفسانەی راپ'' ناویان هێناوە.
هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەڵمانیاش بەلێشاو کاردانەوەیان بۆ گیانلەدەستدانی پیشانداوە.
پێشتر خەتەر میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بوو و باسی سەختییەکانی ژیانی کرد. بەهۆی دەنگدانەوەی کارەکانی و ماوەیەکیش کەوتنە زیندانەوە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگەفیلم و ریپۆرتاژ لەسەر ژیان و کەسایەتیی خەتەر لە میدیای ئەڵمانی و ئەورووپیدا بەرهەمهاتوون.
ژیوار حاجبی سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان نازناوی (خەتەر)ی بۆخۆی هەڵبژارد. لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رووداو روونیدەکاتەوە کە بۆ ئەوە ناوی لەخۆی نەناوە کە خەتەر بێ، بەڵکو لە ئەڵمانیدا ئەگەر شتێک سەرنجڕاکێش و بەهێزبێ، پێیدەڵێن ''ئەوە خەتەرە''.
لە ژیانی هونەریدا خەتەر شەش ئەلبوومی گۆرانی، 17 گۆرانیی جیا، چوار فیلم و کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردووەتەوە. دوایین فیلمی بەناوی Rheingold کە ساڵی 2022 بڵاوکرایەوە، یەکێک لە پڕفرۆشترین فیلمەکانی نێو سینەمای ئەڵمانیا بوو.
ئەو هونەرمەندە کوردە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، هەروەها جگە لە کاری هونەری، هاوکات بزنسمان بوو و بەتایبەت بەوە ناسرابوو کە زنجیرەیەک خواردنگەی لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ