رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی دەڵێت، پەکەکە بەم نزیکانە بڕیارەکەی خۆی لەبارەی بەستنی کۆنگرە رادەگەیێنێت.
ئایشەگوڵ دۆغان ئەمڕۆ هەینی نۆی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، راگەیاندنی ئەوەی پەکەکە کۆنگرەی بەستاوە لە ئان و ساتدایە.
دۆغان، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن پەکەکە چەکەکانی داناوە ئاماژەی بەوەدا: "پەکەکە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا رایبگەیەنێت کە کۆنگرەی بەستووە، ئێمەش بە جیدییەت و گرنگییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەم هەنگاو و بڕیارە مێژووییە دەکەین".
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیران و پەرلەمانتارانی ئاکپارتی دا باسی پڕۆسەی ئاشتی کردووە کە دەوڵەت بە "تورکیای بێ تیرۆر" دەیناسێنێت.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی ئاکپارتی بەڕێوەچووە و ئەردۆغان گوتوویەتی: "تەواوی ئاستەنگەکانمان تێپەڕاند. پەکەکە ئەمڕۆ و سبەی چەکەکانی دادەنێت و رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە. دواتریش بۆ هەموومان سەردەمێک و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ