سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ: دژی هەوڵەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەبین

09-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، هەوڵدان بۆ لەتلەتکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە. وەکو ئاماژەیەک بۆ بەشێک لە بڕگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراقیشدا دەڵێت، "دژی هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە دەبین." ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغداش دەڵێت، "قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە."
 
ئەمڕۆ هەینی 9-6-2023، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە تویتێکدا دژایەتیی جووڵانەوەکەی بۆ بەشێک لە بڕگەکانی مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 نیشاندا و رایگەیاند، "هەوڵدان بۆ لەتلەتکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی هیچ ئازایەتی و شەهامەتی تێدا نییە. هەموو کەس دەتوانێت شت گەلێک تێکبدات، بەڵام تەنها مرۆڤە رەسەنەکان و سەرکردەکان دەتوانن چاکسازی بکەن و وڵاتەکەیان پێشبخەن."
 
شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت، "لە بری تێکدان و لەتکردن، خەونی ئێمە خۆشگوزەرانییە بۆ خەڵک و گۆڕانکارییە لە سیستمی سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراوەیی بەهێز، لەسەر خاکێکی سەقامگیر، نەک گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر؛ بۆیە دژی هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە دەبین لە داهاتوودا. لە ئێستاشدا دەستبەرداری مافی هاووڵاتییان نابین لە پەرلەمان، لە نێویشیاندا گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە."
 
ئەو قسانەی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە، بەشێک لە مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق لەلایەن چوار فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە هەوڵ بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ناودەبرێن، لەنێویاندا راستەوخۆ مامەڵەکردنی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو پارێزگایەی لە هەرێمی کوردستان ناڕازی بێت لە حکومەت، لەگەڵ پرسی نەوتی کەرکووک و نەینەوا.
 
رێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقیش هەمان هەڵوێستی سەرۆکی جووڵانەوەکەی دووپات کردەوە.
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هیوادارم بە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجەدا بکەن و دژی هەر هەوڵێکیش بووەستنەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان."
 
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی شەوی رابردوودا شەش مادەی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کرد و دانیشتنەکەی بۆ رۆژی هەینی هەڵگرت بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر مادەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە بدرێت.
 
پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەکە 12.67٪ە و مادەکانی 13 و 14 تایبەتە بە هەژماری بانکی و داهاتەکانی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان و داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستەداراییەکان و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە کوردستانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.