رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق دابەشبکرێت و بەو جۆرەش مووچەی خانەنشینی یاسایی لە 200 هەزار تاوەکو 500 هەزار دینار زیاد دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، لە لیستی خانەنشینیی هەرێمی کوردستاندا ژن هەیە بە پلەی لیوای سەربازی یان وەزیر خانەنشین کراوە و تەمەنی نەگەیشتووەتە 30 ساڵ.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق دابەشبکرێت و بەو جۆرەش مووچەی 80 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات."
سادق عوسمان گوتیشی، "بەپێی خشتەی خانەنشینی و دەرماڵەی عێراق، مووچەی خانەنشینانی یاسایی لە هەرێمی کوردستان لە 200 هەزار تاوەکو 500 هەزار دینار زیاد دەکات. ئەگەر بۆ نموونە، کەسێک مووچەی خانەنشینییەکەی 900 هەزار دینار بێت، دەبێتە یەک ملیۆن و 400 هەزار دینار."
"لە عێراق هیچ مووچەیەکی خانەنشینی لە 500 هەزار دینار کەمتر نییە، جگە لەوەش بە بڕیاری سەرۆکوەزیران بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر خانەنشینێک زیادکراوە و پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت"، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان وای گوت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی پابەند کرد.
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان گوتیشی، "لیستی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چەندین خەوش و نادادی تێدایە. بۆ نموونە، خەڵک هەیە تەنیا 2 مانگ پەرلەمانتار بووە، بەڵام خانەنشین کراوە یان چەندین ئافرەت ناویان لە لیستەکاندایە و تەمەنیان نەگەیشتووەتە 30 ساڵ، بەڵام بە پلەی وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار و لیوای سەربازیی خانەنشین کراون؛ هەربۆیە یاسای خانەنشینی یەکخراوی عێراق یاسایەکی دادپەروەرانەیە و زۆرێک لەم گرفتانە چارەسەر دەکات".
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن. کەمترین مووچە لە هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە و لە عێراق 500 هەزار دینارە، جگە لەوەی لە عێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ