رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوڕێ، چوار ساڵە نانەرەق، ئارد، برنج و کەرەستەی کارەبای لەکار کەوتوو دەکڕنەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر لەنێو تەنەکە برنجێکی کۆن 23 ملیۆن دیناریان دۆزیەوە، ئەوەی جێی تێڕامانە، پارەکەیان بۆ خاوەنەکەی گەڕاندەوە.
ئەو دوو گەنجە کاسبکارە، لە ماڵێکی تورکمانی گەڕەکی قۆرییە، بە پێنج هەزار دینار تەنەکەیەک برنجی کۆن دەکڕن و لەنێو برنجەکەدا نزیکەی 23 ملیۆن دیناریان دۆزیەوە.
قوتادە عومەر، یەکێکە لەو کۆنەفرۆشانەیە و باس لەوە دەکات، "فەردەیەکی بەتاڵم هێنا و برنجەکەم هەڵڕژاندە ناوی و دەرکەوت هەمووی پارەیە، یەکەم شت بە مێشکمدا هات بیگەرێنمەوە، سەرەتا دڵم خۆشبوو، بەڵام نەخێر بڕیارم نەگۆڕی، لەگەڕەکەکەمان کەم کەس دەستخۆشی کرد زۆربەیان گوتیان بۆ گەڕاندتەوە، زۆر پێویستم بەو پارەیە بوو، چونکە خانووەکەمان زێدەڕۆیە و لە چینکۆ درووستکراوە و دەمتوانی بەو پارەیە خانوو بکڕم، بەڵام نا لە پارەی حەڵاڵ خۆشتر نییە."
ماڵە تورکمانە لە خانوویەکی کۆن و دۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.
ئەم کچە فەردە برنجەکەی فرۆشتووە، پێویستی بە پارە بووە و ئاگادار نەبووە دایکی ئەو هەموو پارەیەی لە ماڵەوە شاردووەتەوە.
مەڕال سعود، ئەو کچەی فەردە برنجەکەی فرۆشتووە دەڵێت، "لێرە برنج هەبوو، من چوزانم ئەوەند پارەی تێدا دەبێت. لەبەرئەوەی پێویستم بە پارە بوو فرۆشتم، دواتر بە دایکم گوت، دایە بۆ پێت نەگوتم ئەوەندە پارەیەت هەیە، گوتی کچم من ئەو پارەیەم کۆدەکردەوە تاوەکو ئەم خانووەت بۆ چاک بکەمەوە، کەم کەم لە مووچەی کۆمەڵایەتی کۆمکردووەتەوە تاوەکو ببن بە خاوەن خانوو."
ئافرەتەکە 60 ساڵە و خاوەنی پارەکەیە، مووچەی تۆڕی چاودێری هەیە و زیاتر لە 15 ساڵ هەر بڕە پارەیەک هاتبێتە دەستی کۆیکردووەتەوە و لەنێو تەنەکەکە هەڵیگرتووە، ئەو کاتەشی زانیویەتی کچەکەی ئەو تەنەکە بە نرخەی فرۆشتووە، وەخت بووە دڵی بوەستێت.
ناهیدە مەحموود، خاوەنی ماڵەکەیە و بەمجۆرە باس لە کۆکردنەوەی پارەکەی دەکات، "هەر کۆمدەکردەوە هەر کۆمدەکردەوە دەمخستە نێو تەنەکەکە نازانم چەندە و چەند بووە، قوڕ بەسەر من چوزانم هەمووی دەفرۆشرێت، کە ئاگادار کراینەوە رووح لە جەستەم نەما، من بە کچەکەم نەگوت ئەمە بفرۆشە."
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک خەڵاتی دوو گەنجەکەی کردووە، بۆ هەر یەکێکیان مۆبایلێکی زیرەکی کڕیوە، خاوەن ماڵەکەش لای خۆیەوە، بڕی 500 هەزار دیناری پێبەخشین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ