رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەم هۆتێلێکی تایبەت بە جێگیرکردنی پەناخوازان لە لەندەن، دوو گرووپ خۆپێشاندانیان کرد، یەکێکیان دژی پەناخوازان و گرووپەکەی دیکەش پاڵپشتیکاریانن.
جاک نۆریس، خۆپێشاندەری دژە کۆچبەر، دەڵێت: "ئەوەی پێشکێشیانی دەکەن، هۆتێلی چوار ئەستێرەیی نەفرەتییە، وایە؟ دێنە ئێرە، جێگەی خەوتن و نانی بەیانییان بۆ دابین دەکرێت. من لۆمەی کۆچبەران ناکەم بۆ هەر کارێک دەیکەن، چونکە ئەمە ژیانێکی باشترە بۆیان. کێشەکە لە حکومەتە."
لە 10 رۆژی رابردوودا خۆپێشاندان لە بەردەم 20 هۆتێلی تایبەت بە مانەوەی پەناخوازان لە ئینگلتەرا و وەیڵز کراوە.
نیگەرانیی بەشێکی بەریتانییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە زیاتر لە 32 هەزار پەناخواز لە هۆتێلەکان نیشتەجێکراون، ئەوەش ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوێت، بەڵام بەشێکی کۆمەڵگەی بەریتانیاش پێی وایە دەبێ پێشوازی لە خەڵکی وڵاتانی دیکە بکرێت.
لویس فارێ، پاڵپشتیکاری کۆچبەرانە و دەڵێت: "پێم وایە وەڵام بۆ فاشیزم، پێشوازیکردنە لە پەنابەری زیاتر. بەیاساییکردنی هاتنی خەڵکە، رێکخستنی کاروباریانە. خراپترین شت کە بتوانین بیکەین ئەوەیە کە بەهەمان شێوەی حکومەتی کار مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین."
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 25 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا، بەشی زۆریان خەڵکی ئەفغانستان و سووریا بوون. حکومەت دەڵێت، ژمارەیەک پەناخوازی دەستگیرکردووە و بە گوێرەی رێککەوتنێکیان لەگەڵ فەرەنسا، لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی ئەو وڵاتەیان دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ