رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی دان بە سەربەخۆیی کۆماری (سۆماڵیلاند)دا بنێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، هەنگاوەکە دوای ساڵێک لە دیالۆگی چڕ و بڕیارێکی هاوبەشی نێوان نەتەنیاهوو و سەرۆکی سۆماڵیلاند هاتووە.
رۆژی هەینی 26-12-2025 جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی و کۆماری سۆماڵیلاند رێککەوتنێکیان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی تەواو واژۆ کردووە کە کردنەوەی باڵیۆزخانە لە هەردوو وڵات دەگرێتەوە.
سۆماڵیلاند لە ساڵی 1991ـەوە جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵ راگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ئێستا هیچ کام لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەت دانیان پێدانەنابوو.
نەتەنیاهوو: "هەلێکی گرنگە"
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سۆماڵیلاند، ئەم پەیوەندییە نوێیەی بە "سەرەتایەکی مێژوویی" ناوبرد.
نەتەنیاهوو سەرۆکی سۆماڵیلاندی بانگهێشتکرد بۆ سەردانی ئیسرائیل و گوتی: "ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکانمان."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نەتەنیاهوو بە فەرمی دانی بە کۆماری سۆماڵیلاند وەک "دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری" ناوە.
پلان بۆ ئاسایش و ئابووری
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، رێککەوتنەکە دوای ساڵێک لە دیالۆگی چڕ و بڕیارێکی هاوبەشی نێوان نەتەنیاهوو و عەبدوڵڵا هاتووە.
ساعر بڵاویکردەوە: "ئێمە پێکەوە کار بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت، جێگیرکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و بووژانەوەی ئابووری دەکەین؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانی بە وەزارەتەکەی کردووە دەستبەجێ رێکارەکان بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لە گشت بوارەکاندا بگرنەبەر.
سۆماڵیلاند دەکەوێتە باشووری کەناری کەنداوی عەدەن، لەگەڵ هەریەک لە جیبۆتی، ئەسیوپیا و سۆماڵ هاوسنوورە، رووبەڕەکەی 176 هەزار و 120 کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی 6.2 ملیۆن دانیشتووی هەیە.
شاری هێرگێیسا پایتەختی سۆماڵیلاندە. زمانی فەرمیی وڵاتەکە سۆماڵییە و زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیش قسەیان پێدەکرێ. ئایینی فەرمی ئیسلامە و لە ساڵی 2001ـەوە دەستووری هەیە. سۆماڵیلاند یەکێکە لە ناوچە زۆر هەژارەکانی جیهان و کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی 3.7 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ