رووداو دیجیتاڵ
دوای لێپرسینەوە لەگەڵی، سەرۆکی شارەوانیی سنە بە 6 دەنگی بەڵێ لە پۆستەکەی مایەوە.
رۆژی سێشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، لێپرسینەوە لە ئەنوەر رەشیدی، سەرۆکی شارەوانیی سنە کرا و دواتر بە 6 دەنگی بەڵێ لە 9 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی لە پۆستەکەی مایەوە.
پێشتر فەرزاد زارعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری سنە رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەکە بە کراوەیی و لە بەردەم میدیاکاران دەبێ، بەڵام کۆبوونەوەکە بە داخراوی بەڕێوەچوو.
23ی ئابی 2025 فەرزاد زارعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری سنە رایگەیاند، رۆژی 11ی ئاب هەر 9 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی شارەوانی راستەوخۆ داواکارییەکیان پێشکێش کرد بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە سەرۆکی شارەوانی بکرێ.
زارعی گوتی: "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری سنە لە نامەیەکی نووسراودا نووسیبوویان کە شار بە کردەوە لە وەستاندایە و بەردەوامی چالاکییەکانی سەرۆکی شارەوانیی سنە بەڕێوەبردنی شارەکە پەکدەخات و هەربۆیە داوای لێپرسینەوە دەکەین."
فەرزاد زارعی ئاماژەی بەوەشکرد، بە 9 هۆکار لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی دەکرێ کە بریتین لە:
1. رێکنەخستنی فرۆشیارانی شەقام و دەستفرۆشانی نێوشار
2. جێبەجێنەکردنی یاساکانی ئەنجوومەنی شار، بەتایبەتی لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان
3. دانانی بەڕێوەبەرانی شارەوانی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و رێسا و مەرجەکانی بڕوانامە
4. دواکەوتنی تەواوکردنی پڕۆژەکانی نێو شار
5. ناڕازیبوون لە شێوازی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری شارەوانی
6. رێگەدان بە بیناسازی نایاسایی لەنێو شار
7. مامەڵە لەگەڵ بەڵێندەری تایبەت
8. نەدانی مووچەی مانگانە بە کارمەند و کرێکارانی شارەوانیی سنە
9. کەڵک وەرنەگرتن لە توانایی مرۆیی 2500 کەسی شارەوانی و سپاردنی کارەکان بە بەڵێندەر
ئەنوەر رەشیدی لە 03-10-2021 لەلایەن هەر 9 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری سنە وەک سەرۆکی شارەوانیی سنە هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ