رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەکە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، بەربژێرانی یەکێتی و پارتی دەڵێن: "شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنمان گۆڕیوە و بە شێوازێکی مەدەنیانە بانگەشە دەکەین، نامانەوێت خەڵك بێزار بێ."
رۆژی پێنجشەممە، 09ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئۆرگانەکان کاری خۆیان دەکەن و دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری داوە،بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە بە لەسەرخۆیی و لێکتێگەیشتن بەڕێوەبچێت، شێوازی بانگەشەمان گۆڕیوە و وەک هەڵبژاردنەکانی پێشتر نییە."
سەرۆکی لیستی یەکێتی لە پارێزگای هەولێر دەڵێت: "بە شێوازێک بانگەشە دەکەین لە ماوەی ئەم مانگەدا خەڵک لەسەر شەقامەکان بێزار نەکەین و بە مەدەنیانە، بەبێ هەڵچوون و گرژی و ناخۆشی و بە شێوازێکی نوێ بانگەشە بکەین، بانگەشە سارد نییە، بەڵکو شێوازەکەی گۆڕاوە."
لەبارەی شێوازی بانگەشەی یەکێتی، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە رێگەی سۆشیالمیدیا و سەردانی مەیدانیی بەربژێرانەوە بانگەشە دەکەین، لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت کۆبوونەوەی جەماوەری ناکەین، بە شێوازێکی گشتی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە کۆتاییەکاندا دەکرێن."
هاوکات سیروان عارەب، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەموو هێز و تواناکامان، بە شێوازێکی سەردەمییانە دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، بەڵام بە شێوازێکی مەدەنییانە و دوور لە هەر ئاڵۆزییەک ببێتەهۆی بێزارکردن و ناڕەحەتی و تێکدانی دەروونیی خەڵک."
سیروان عارەب دەڵێ، بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و سارد نییە، پێشتر ماڵ بە ماڵ دەگەڕاین، بەڵام ئێستا دەنگدەر بە دەنگدەر گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین، پێشبینی دەکەین بانگەشەکە لەدوای 15ـی ئەم مانگەوە زۆر گەرم بێت، چ لەلایەن بەربژێرانەوە ، چ لەلایەن خەڵکە."
لەبارەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانەوە ئەو بەربژێرەی پارتی دەڵێت: "لە کۆتاییەکاندا بە شێوازێکی زۆر باش و سەردەمییانە کۆبوونەوە جەماوەرییەکان چڕ دەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ