رووداو دیجیتاڵ
شەوی چوارشەممە دوو دەنگی گەورە لە هەریر بیستران، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوبوون و بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان لە فڕۆکەخانەی هەریر کردووەتە ئامانج.
هێرشەکان، بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، لە کاژێر 23:30 و 00:40 خولەک بوون. هێرشەکەش "هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە."
شەوی چوارشەممە 08-11-2023، کاژێر 23:30، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی هەریر بیسترا کە بەگوتەی هاونیشتمانییانی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە، هاوشێوەی دەنگی هێرشی درۆنیی جاری پێشوو بووە، کە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە دوو کاتی جیادا هێرش کرایە سەر بنکە سەربازییەکە.
هاوکات دەورووبەری کاژێر 01:19 شەو، 'گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' بەرپرسیایێتی هێرشەکەی گرتەئەستۆ و گوتی، بە دوو درۆن فڕۆکەخانەی هەریریان بۆردوومان کردووە.
محەممەد بەیاتی، ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا دەکرێنە ئامانج، نەک هێزەکانی هاوپەیمانان. هەر دەوڵەتێک پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت و پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات لە هێرشکردنە سەر غەززە و کوشتنی منداڵ و ژنانی غەززە، دەکرێتە ئامانج، جا هەر دەوڵەتێک بێت لە عێراق، یان لە هەر وڵاتێکی دیکە بێت. ئەمریکا هێز و بنکەی سەربازی زۆری لە عێراق هەیە و عێراقییەکان پێیانوایە ئەمە بە جۆرێکی دیکە داگیرکارییە."
هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە دوو بنکە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە؛ ئەوانیش هەولێر و هەریرن.
بەپێی زانیارییەکانی ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو، ماوەی شەش رۆژە هیچ جوڵەیەکی سەربازی لە فڕۆکەخانەی هەریر نەبینراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر خەڵکی ئەم دەڤەرە شێوەیەکی ئاسایی سەرباز، هەمەر و هێلیکۆپتەریان بینیوە ''بەڵام شەش رۆژە تەنانەت یەک سەربازیش لە فڕۆکەخانەکە نەبینراوە.''
تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمریکا، لە عێراق و سووریا لەوبارەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە هاوکاری کردنی ئەو گروپانە و رایگەیاند، "من زۆر بە روونی گوتم ئەو هەڕەشە و هێرشانەی لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە دەکرێن، بەهیچ شێوەیەک قبووڵناکرێت. ئێمە هەموو هەنگاوێکی گرنگ دەنێین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان. ئێمە بەدوای کێشەوە نین لەگەڵ ئێران. ئێمە زۆر روون بووین لەو بابەتە و هەرکارێک دەکەین کە پێویستبێت بۆ پاراستنی کارمەند و سەربازەکانمان،"
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا رۆژی چوارشەممە (بەکاتی ئەمریکا) رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا، بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە ''ئەم هێرشە بە دوو فڕۆکەی F15 بۆ سەر کۆگایەکی چەک وەک رێکارێکی بەرگری لەخۆکردن ئەنجامدراوە.''
هەروەها دەڵێت، ئەم هێرشە ''وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کراون.''
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لە 7-10-2023دا، گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادبوون.
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان بە سووکی بریندار بوون.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ