رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاگرکەوتنەوەی باڵەخانەکەی ئیدارەی سۆران لیژنەیەکی پێکهێنا و ئەرکیان لێکۆڵینەوە دەبێت لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران و دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم لە رووداوەکە.
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی هەینی 08-12-2023 و دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سۆران بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
بەگوێرەی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەکە کاریان لێکۆڵینەوە دەبێت لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و "بە زووترین کات" دەستبەکار دەبن و مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکە و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان دەکەن.
عەمید تەحسین ئاکرەیی، سەرۆکی پەیمانگەی بەرگریی شارستانی بە وەکالەت سەرۆکی لیژنەکە دەبێت و هەریەکە لە عەقید یونس قادر، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، عەقید کۆچەر عەبدوڵڵا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی و دڵشاد مرادخان، ئەندازیاری کارەبا تێیدا ئەندام دەبن.
شەوی هەینی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جوندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسیش برینداربوون.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی قوربانییەکان بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ