رووداو دیجیتاڵ
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوى راگەیاند، تیمەكانی بەرگریى شارستانى و بەرگریى فریاکەوتن چەند رۆژێکە بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو لە ئامادەباشیدان.
بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان لە سنووری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیکەش لە سنووری ناحیەی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک بووە.
بارانبارینەکە لە بەشێکی باشووری کوردستان زیانی مادی لێکەوتەوە.
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "هیوادارین هاووڵاتییان پابەندبن بەو رێنماییانەى لە کەشناسی و کەسانى شارەزا بڵاودەکرێنەوە و بۆ سەلامەتى خۆیان لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە."
سمکۆ سالار گوتیشی: "ئەگەرى هەیە بارانەکە بەهێزتربێت و رێگاکان بگیرێن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەم نەیەنە دەرەوە، ئەگەر بۆ کارى زۆر پێویست نەبێ."
ئێوارەی ئەمڕۆش عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سوور، هۆشدارییەکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، دیالە، واست، میسان و بەسرە بەردەوامن، ئەوەش بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی زۆر بەخوڕی هەورەبرووسکەدار و هەڵکردنی بای بەهێز.
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، دۆخی کەشوهەوا لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێویستی بە ئاگاداری و وریایی زۆرە، هۆشدارییەکان تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ