بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان: دابەشکردنی ئاو لە هەموو ناوچەکان ئاسایی بووەتەوە

51 خولەک له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی ئاو لە هەولێر و ئەو شوێنانەی دیکەی دەکەونە سەر زێی گەورە و رووبارەکان بەهۆی بارانبارینەوە وەستابوو. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوای 12 کاژێر، دابەشکردنی ئاو لە هەموو ناوچەکان و پڕۆژەی فریاگوزاریش ئاسایی بووەتەوە.
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. لە شەوی رابردووەوە دابەشکردنی ئاوی خاوێن لە بەشێکی هەولێر و هەندێک ناوچەی سەر رووبارەکان بە تەواوی راگیرابوو.
 
رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە، لە دوێنێ شەوەوە دابەشکردنی ئاو لە هەموو ئەو شوێنانە وەستابوو کە دەکەونە سەر زێی گەورە و ئەو شوێنانەی کە دەکەونە سەر رووبارەکان."
 
لەبارەی هۆکاری وەستانی دابەشکردنی ئاوەکە، ئاری ئەحمەد گوتی: "ئاوی رووبار و پڕۆژەکان لێڵ بوون، وێستگەکانی ئاو توانایان هەیە تاوەکو 2500 پلە لێڵیتی ئاو فلتەر بکەن، بەڵام ئەمڕۆ گەیشتبووە نزیکەی 4500 پلە، بۆیە دابەشکردنی ئاو 12 کاژێر وەستا."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئێستا دابەشکردنی ئاو لە هەموو ناوچەکان ئاسایی بووەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ باسی لەوەش کرد: "پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر وەستابوو؛ هەروەها پڕۆژەکانی قەندیل، بێخاڵ و ئامێدی وەستابوون، بەڵام لە هەموویان دەستی پێکردووەتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە