رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین رایدەگەیێنێت، ئێستا ئاسایشی عەفرین لەلایەن پۆلیسی سەربازی، مەدەنی و هەواڵگرییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی ئاسایشی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا.
خەڵکی عەفرین رۆژی پێنجشەممە 6ی شوبات، کاتێک هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی نوێی دیمەشق چوونە ناو شارەکە، بە ئاڵای کوردستان و سووریاوە پێشوازییان لێکردن.
ئازاد عوسمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین لەکاتی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، رێککەوتن هەیە کە ئاسایشی گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا خۆی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سەربازی و مەدەنی بکات، لەم چەند رۆژەی داهاتوودا دەرگای تۆمارکردن دەکرێتەوە، بۆئەوەی خەڵکی عەفرین خۆیان بەشداریی پۆلیس بن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین لەبارەی مانەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریاوە رایگەیاند، ژمارەی چەکدارانی ئەم گرووپانە بەراورد بە پێشوو زۆر کەمتر بووە، نزیکەی 15%ی ماونەتەوە، چونکە بەشێکی زۆریان تێکەڵ بە رەدع عیدوان و فەجر حوڕیا بوون، بەڵام ئەوەی هێشتا خەڵکی عەفرین دڵگران دەکات، ئەوەیە کە هێشتا ئابووریی عەفرین لەژێر کۆنترۆڵی ئەم گرووپانەدایە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە عەفرین، ئازاد عوسمان دەڵێت، ئەو ناوانەی تاوەکو ئێستا لای پۆلیسی سەربازی تۆمارکراون، کە لەم مانگانەدا گەڕاونەتەوە عەفرین، گەیشتووەتە 73 هەزار کەس.
لەبارەی بەڕێوەبردنی کاری کارگێڕی و حکومی لە عەفرین، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین رایگەیاند، نوێنەرانی حکومەتی نوێی سووریا لە حەلەب سەردانی ئەنجوومەنەکەیان لە عەفرین کردووە، "ئێمەش سەردانی ئەوانمان کردووە و هەردوولا جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئەم ئەنجوومەنە خۆجێییانە سەر بە حکومەتی نوێی سووریان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ