رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی "ئی-پسوولە" هەنگاوێکی گرنگە لە کاروانی چاکسازیی ئابووری و دارایی لە عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. هەروەها گوتی: "پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە."
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 10-09-2024، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەی ئەلیکترۆنیی "ئی-پسوولە" لە چیای کۆڕەک لە هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "زۆر زوو هەستمان بەوە کرد کە پشتبەستنی زۆر بە نەختینە (کاش) چیدی لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابووریی نوێ ناگونجێت. بونیادنانی سیستمێکی دارایی پێشکەوتوو پێویستی بە سیستمی ئەلیکترۆنیی ئارام، خێرا و شەفافە".
عەللاق ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵانی رابردوودا ژێرخانی پارەدانی ئەلیکترۆنی گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە زیادکردنی ژمارەی کارتەکانی بانکی، جزدانی ئەلیکترۆنی و خاڵەکانی فرۆشتن (POS) لە دامەزراوە حکومی و بازاڕەکاندا. گوتیشی: "ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی ئاسانکاری لە مامەڵەی رۆژانەی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی کات و ماندووبوون."
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق جەختی لە گرنگیی پڕۆژەی "ئی-پسوولە" کردەوە وەکو ئامرازێکی نوێ بۆ گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و گوتی: "ئەم پڕۆژەیە مۆدێلێکی پراکتیکییە بۆ تەواوکاریی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی جێی متمانە."
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر، عەللاق گوتی: "پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەواو نابێت. ئێستا کار دەکەین بۆ یەکخستنی سیستم و پێوەرە تەکنیکییەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە بانکییەکان لە هەرێمی کوردستان."
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەلی عەللاق پاڵپشتیی تەواوی بانکی ناوەندیی بۆ هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دووپاتکردەوە کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی شەفافیەت و کارایی دارایی لە سەرتاسەری عێراق.
رۆژی سێشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پلاتفۆرمی (ئی-پسوولە / E-Psule)ی راگەیاند. رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران و بازرگانان بەڕێوەچوو.
ئی-پسوولە (E-Psule) چییە؟
پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی ئارامە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاسانکردنی پێدانی پسوولە و کرێی خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی ئەلیکترۆنی کارا کراوە. ئەم خزمەتگوزارییە 24 کاژێر بەردەستە و هیچ بڕە پارە یان شتێکی زیادە لە هاوونیشتمانیان وەرناگیرێت. سیستمەکە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراوە و دوو بانک و سێ جزدانی ئەلیکترۆنی تێیدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ