رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەکرێت وەک تەواوکەری کۆبوونەوەی هەفتەی پێشوو، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی بەربژێری هاوبەشی پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی کۆبوونەوەی سبەینێی نێوان پارتی و یەکێتی ئاشکرا کرد: "کۆبوونەوەکە یەکلاکەرەوەیە، هیوادارین بگەنە ئەنجام، بەڵام ئەگەر رێکنەکەون، ئەوا بە دوو بەربژێر دەچنە پەرلەمان، هاوشێوەی ساڵی 2018".
سەبارەت بە چۆنیەتی دیاریکردنی بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، د. ئەشواق جاف ئاشکرای کرد پارتی سێ پێشنیاری خستووەتە بەردەم یەکێتی، ئەوانیش ئەمانەن:
- ئەندامانی کوردی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا بەربژێرێک هەڵبژێرن.
- حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان بەربژێرێک دیاری بکەن.
- لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگ لەسەر بەربژێرێک بدرێت.
ئەشواق جاف گوتی: "چۆن شیعە و سوننە خۆیان بڕیار لەسەر بەربژێری خۆیان دەدەن، دەبێت کوردیش بە ئیرادەیەکی کوردستانی بەربژێرەکەی یەکلایی بکاتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوە دا ئامانجی پارتی پۆستەکە نییە وەک ئیمتیاز، بەڵکو کاراکردنەوەیەتی بۆ چارەسەری کێشەکان وەک سەردەمی مام جەلال.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئەشواق جاف رایگەیاند، پارتی رەزامەندیی لەسەر ژمارەی ئەو وەزارەتانە داوە کە یەکێتی داوای کردوون (9 وەزارەت)، بەڵام تێبینییان لەسەر "جۆری وەزارەتەکان" هەیە.
د. ئەشواق گوتی: "یەکێتی داوای هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دەکات، ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیە. ناکرێت هەردوو وەزارەتە ئەمنییەکە لای یەک لایەن بێت، لەکاتێکدا پارتی براوەی یەکەمە و سەرۆکی حکومەتی لایە".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، وێڕای ئەوەی پارتی براوەی یەکەمە، بەڵام بەو دابەشکارییە و بەو پشکەی بەر پێکهاتەکان دەکەوێت، رەنگە پارتی وەکو کەمینە لە حکومەتدا دەربکەوێت.
سەبارەت بە دۆخی عێراق و ئەگەری مانەوەی حکومەتەکەی سوودانی، د. ئەشواق جاف گوتی، باس لە مانەوەی حکومەتی ئێستا دەکرێت وەک کاربەڕێکەر بۆ ماوەی ساڵێک، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان.
لەبارەی دۆخی ئابووریی عێراقیشەوە هۆشداری دا و گوتی: "قەیرانێکی دارایی قووڵ هەیە و عێراق قەرزاریشە، حکومەت پەنای بۆ باج بردووە، پەرلەمان گوشاری کردووە باج لەسەر خۆراک لاببرێت چونکە خەڵک بەرگە ناگرێت".
د. ئەشواق جاف گوتی: "لە کۆبوونەوەکان بە جیدی باس لەوە دەکرێت کە ئەگەر چارەسەر بۆ دۆخی دارایی نەدۆزرێتەوە، مەترسی لەسەر مووچەش دروست دەبێت، هەرچەندە بۆ ئەوەی شەقام نەشڵەژێت بە فەرمی باس ناکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ