بازگەکانی حکومەتی عێراق مەخموورییەکانیان تووڕە کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
نۆرەی بارهەڵگر لە بازگەی مەخموور
نۆرەی بارهەڵگر لە بازگەی مەخموور
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"بگەڕێوە" (ئیرجەع)، ئەمە ئەو وشەیەیە رۆژانە لە بازگەکانی حکومەتی عێراق لە مەخموور بە گوێی ئەو هاونیشتمانییانەدا دەدرێتەوە کە دەیانەوێت کاڵا و پێداویستییەکانیان ببەنە نێو قەزاکە. دانیشتووانی مەخموور دەڵێن ئەمە سزایە و دەیانەوێت شارەکە چۆڵ بکەن.
 
مەلا داوود، سەوزەفرۆشێکە لە مەخموور و یەکێکە لە قوربانییانی ئەو رێگرییە. ئەو لە ناچاری و وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر رێگریی بازگەکان، تەواوی بارە سەوزەکەی لەسەر شەقام فڕێدا و سێ ملیۆن دینار زیانی کرد.
 
مەلا داوود بە تووڕەییەوە دەڵێت: "من رۆژانە هیلاک دەبم تاوەکو 25 هەزار دینارم لە سەوزەفرۆشی دەستدەکەوێت، کەچی لەم بازگەیە پێم دەڵێن دەبێت 200 هەزار دینار بدەیت ئینجا رێگەت دەدەین بارەکەت ببەیتە نێو مەخموور."
 
هەموو جۆرە کاڵا و کەلوپەلێک لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێو مەخموور قەدەخە کراوە، لە خۆراک، سەوزە، میوە، پەلەوەر و هێلکەوە تاوەکو دەگاتە کەرەستەی بیناسازی و تەنانەت کەلوپەلی نێوماڵیش.
 
عەبدولقادر فەرحان، دانیشتوویەکی مەخموورە و دەڵێت: "ئەمانە سووکایەتیمان پێدەکەن؛ دەیانەوێت مەخمووریش چۆڵ بکەین وەک قەراج کە ئێستا تەنیا سێ ماڵی کوردی لێ ماوە. هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ئێرە چۆڵ بکەین، بەڵام با دڵنیابن چۆڵی ناکەین."
 
سەردەشت مەخمووری، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و وێنەی ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکەی کوڕەکەی نیشان دەدات. ئەو دەڵێت: "ئەوە کوڕی منە، رۆژی شەممە لەبەر ئەوەی زوو بگاتە بازگە پێش ئەوەی دایبخەن، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە. رێگەی یەک کاژێری دەبێت بە 30 بۆ 35 خولەک ببڕین، چونکە تەنیا لە کاژێر 03:00 بۆ 07:00 رێگەیان دەکردەوە."
 
هیوا مەعرووف، دانیشتوویەکی دیکەی شارەکەیە و گلەیی لە هەڵسوکەوتی بازگەکان هەیە: "کاتێک دەگەینە بازگە ئەزیەتمان دەدەن و هەر رۆژە و کاتێکمان بۆ دادەنێن. رۆژی هەینی دوو منداڵم لەنێو ئۆتۆمبێل خەوتبوون، زۆر رایانگرتم و دواتر هەر رێگەیان نەداین. بڕوا بکەن لەسەر چەقۆ هاتووچۆ دەکەین و بە بارەوە بە خێرایی 120 دەڕۆین تەنیا بۆ ئەوەی بە کاتی بازگە رابگەین."
 
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەم گوشار و رێگرییە بەردەوامانە، پاشنیوەڕۆی دووشەممە دانیشتووانی مەخموور رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر – مەخمووریان داخست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

باران کاریگەریی لەسەر دانەوێڵەی هەرێمی کوردستان دەبێت؛ 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە

بەگوێرەی پێشبینی کەشناسان، ئەم وەرزەی بارین وشکەساڵی نەهێشتووە. بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، 3 ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و چاوەڕێی دوو بۆ سێ هێندەی بەرهەمی گەنمن بەراورد بە پار