رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاووڵاتیی خۆی بەرپرسە لە بەکارهێنانی کارەبا و ئەوەی زۆر بەکاربهێنێت، پارەی زۆری بۆ دێتەوە و ئەوەی کەم بەکاربهێنێت کەمی بۆ دەگەڕێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کرێی کارەبای مانگی یەک، رایگەیاند، ئەوانەی لەم مانگەدا ئی- پسووڵە بەکاردەهێنن، داشکانی 20٪یان بۆ دەکرێت.
مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتووەوە گوتی، "ئێمە داکۆکیکاری هەموو مافە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبین، بەڵام ئێستا بابەتی مووچە لە دەستی بەغدایە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "دەبێت بەغدا جیاوازی نەکات لە پێدانی مووچە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پابەندی خۆیان بە دەستوور دووپاتبکەنەوە".
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و بەربژێری کورد بۆ پۆستەکە، مەسرور بارزانی گوتی، "پۆستەکە هی کوردە و لایەنێک ناتوانێت کاندیدی خۆی فەرز بکات".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، پارتی دەیەوێ حکومەتی نوێ زوو پێکبهێندرێت و لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێکبهێندرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمی پڕۆژەی ئی- پسوولەی راگەیاند. مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئی- پسوولە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی راگەیاندنی پڕۆژەکە گوتی، "گرنگە سیستمی دیجیتاڵی بکەیتە شوێنگرەوەی سیستمە تەقیلدییەکانی دیکە".
دوو بانک و سێ جزدانی ئەلیکترۆنی لە ئی- پسوولەدا هەن و بانکی ناوەندیی عێراق دانی پێدا ناوە. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، سیستمی ئی- پسوولە هەم بۆ فەرمانگە حکومییەکان، هەم بۆ هاووڵاتییان ئاسانکارییەکی باش دەبێت.
دەقی گفتوگۆکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
پرسیار: جەنابی سەرۆکی حکومەت بەخێر بێن.
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس؛ زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم.
پرسیار: کەمتر لە سێ ساڵ، پانێلێکی هاوشێوە هەبوو، نوێنەری بانکەکان بەشدار بوون. ئەوکات قسەیان لەسەر ئەوە کرد، کە 05٪ خەڵکی هەرێمی کوردستان خاوەن هەژماری بانکیی خۆیانن؛ یان هەژماری بانکییان بەکاردەهێنا. بەگوێرەی ئامارەکان، چەند مانگێکی دیکە نزیک دەبینەوە لە 50٪ی بەکارهێنەرانی هەژماری بانکی لە هەرێمی کوردستان؛ لەوەش گرنگتر لەو کاتەی کە پڕۆژەی هەژماری من دەستیپێکردووە، نزیکەی 4 ملیار دۆلار چووەتە نێو بانکەکانەوە. لە ماوەیەکی کەمی ئەزموونی پڕۆژەی ئی–پسوولەدا، نزیکەی 200 هەزار مامەڵە کراون و پارە بە دیجیتاڵی دراون. دەکرێ بپرسین دیدگەی ئێوە لە پشت ئەو کارانە چییە؟ دەتانەوێ چی بەدی بهێنن؟ کوردستان بەرەو کوێ ببەن؟
مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس؛ خۆشحاڵم کە لەم پانێلەدا بەشدارم بۆ راگەیاندنی پڕۆژەی ئی – پسوولە؛ کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و دەستپێکێکیشە بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق سوود لەو ئەزموونە وەربگرێت. دەمەوێ بەخێرهاتنی د. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بکەم و ئامادەبووان بکەم. ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە و پڕۆژەکانی پێشووش ئەوەیە کە ئێمە بتوانین خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین. دەمانەوێت ئاسانکاری بۆ خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بکەین، بەڵام ئەمە بە قسەکردن رەنگە ئاسان بێت، چونکە کارێکی یەکجار زۆری دەوێت. لە سەرەتاوە پێویستمان بە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری هەبووە تاوەکو بتوانین ئەم خزمەتگوازرییانە بخەینەڕوو. یەکەم هەنگاو ئەوەیە چۆن بتوانین خزمەتگوزارییەکانمان بکەینە دیجتاڵی لە بەرنامەی ریفۆڕمی حکومەت؛ بە سوپاسەوە تیمەکانی بەشدار لە حکومەت رۆڵێکی باشیان گێڕاوە؛ لە هاوبەشی دروستکردنی ئەو ژێرخانە.
گرنگە بتوانین سیستمی دیجیتاڵی بخەینە جێی سیستمی تەقلیدی کە هەم کاتێکی زیاتری دەوێت و وەک پێویستیش کارەکان بەڕێوەناچن. لە سیستمی پێشکەوتووی دنیا، هیچ ئابوورییەک بە سیاسەتی کاش بەڕێوەناچێت. کەواتە پێشکەوتن لە کاشدا سنووردارە. بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەم قۆناخەدا خۆمان بگۆڕین و لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو هاوشێوەی ئەوان، بەتایبەتی سێکتەرەکانی دارایی و ئابووری، بە دیجیتاڵ بکەین. ئەمە دەکرێ یارمەتیدەر بێت، هەم لەگەڵ بۆ ئاسانکاریی حکومی خزمەتگوزارییەکان و هەمیش بۆ یارمەتیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. هیوادارم دواتر لە هەموو عێراقیش ئەم جۆرە سیستمە یارمەتیدەری سیستمی ئابووری دەبێت.
سەرەتا ئەوە گرنگە کە چۆن هاووڵاتی بەشدار ببێت؛ هەنگاوی یەکەمی ئێمە ئەوە بووە هەر هاووڵاتییەک بتوانێت خاوەن هەژماری بانکی بێت. سەرەتا کە هەژماری من کارا تەنیا بۆ مووچە نەبوو؛ بەڵكو دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ حکومەت و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە. هاوکات بانکەکانیش دەتوانن پارەکەی زیاتریان لەدەست بێت، کە وەکو قەرز بە هاووڵاتیانی بدەن؛ یان بۆ راپەڕاندنی ئەو کارە داراییانەی پێویستە بانکەکان پڕۆژەکانی خۆیان پێ جێبەجی بکەن. دوای ئەوەی کە هاووڵاتی بوو بە خاوەنی هەژماری بانکی، ئەوکاتە خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر دێنە پێشەوە. کەواتە قۆناخی ئی – پسوولە سەرەتا بە پڕۆژەی هەژماری من دەستپێکراوە. هاووڵاتی دەتوانێت لە پرۆژەی رووناکی، لە ئی – پسوولە لە هەر کات و شوێنێک بێت، پارە بدات. لەومەودوا پێویست ناکات هاووڵاتی نۆرەی دوورودرێژ بۆ پارەدان بگرێت. هاووڵاتی دەتوانیت کارەکانی زۆر بەئاسانتر لەگەڵ حکومەت جێبەجێ بکات.
پرسیار: خاڵێکی هاوبەش لە نێوان سێ پڕۆژەی ئێوەدا دەبینرێ، ئەوانیش هەژماری من، پرۆژەی رووناکی و ئی – پسوولەن؛ هاوکات یەکخستنی هەرێمی کوردستانە، کە هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەکان دەتوانن بەبێ جیاوازی خزمەتگوازییەکان بەکاربهێنن. سنووری دوو ئیدارەیی کە وەک نەنگێک بوو هەرێمی کوردستان، خەریکە تێکدەشکێنرێت؛ لێکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم خزمەتگوزارییانە چین؟
مەسرور بارزانی: بێگومان خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاووڵاتیانە بەبێ جیاوازی؛ پرۆژەکان بۆ سەرجەم ناوچەکانە و سوپاسی ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە یارمەتیدەر بوون؛ ناوچە دوورەدەستەکانیش لە هەموو پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان سوودمەند دەبن. بەشێوازی دیجیتاڵی دەتوانن پارەیان بدەن، هیوادارین لە داهاتووەکی نزیکدا بتوانین پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان بازرگانان و هاووڵاتیدا دروست بکەین و سوود لە سیستمی دیجیتاڵی وەربگرن.
پرسیار: ئەو پارەیەی لە ئی – پسوولە وەردەگیرێت، ئەو پارەیە دەچێتە وەزارەتی دارایی یان پارێزگاکان؟
مەسرور بارزانی: پڕۆژەکە چەند لایەنێکە کە ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتی، خزمەتگوزاری زیاترە بۆ هاووڵاتی، هاوکات بەرچاوڕوونی زیاتریش بە هاووڵاتی و حکومەتیش بدرێت؛ شەفافیەت هەبێت کە بزانین داهاتەکانمان چۆنن؟ لە کوێن؟ هەروەها خەرجییەکانمان بە چ شێوازێکە. لەگەڵ کۆمپانیای دیکە کارمان کردووە تاوەکو چاودێریی کۆکردنەوە و خەرجییەکانی داهاتەکان بکرێت. هاووڵاتی کە پارە دەدات، پارەکە بۆ خزمەتگوزاری هەمان ئەو ناوچەیە بەکاردەهێنرێتەوە. پڕۆژەی ئی – پسوولە بۆ شەفافیەتی داهاتەکانە؛ هەموو دەسەڵاتە خۆجێییەکانیش دەتوانن سوود لەو داهاتە وەربگرن. پێشبینی دەکەم داهاتەکانیش زۆر زیاتر دەبن، چونکە داهاتەکان دەگەڕێنرێنەوە. کەواتە هاووڵاتی هەر کاتێک بیەوێت پارەی خزمەتگوزارییەکان لە پڕۆژەی ئی – پسوولە دەدات. هاوکات حکومەت بۆ زانینی داهات و خەرجییەکان بەرچاوی روون دەبێت.
پرسیار: بەڕێزتان گوتتان کە پڕۆژەی ئی – پسوولە بەبێ هەژماری من نەدەکرا؛ ئێستاش لە بانکەکان خەڵک بۆ راییکردنی مامەڵەکانی سێ تاوەکو چوار کاژێر نۆرە دەگرێت، پێشنیازی جەنابتان چییە؟
مەسرور بارزانی: ئەمانە بەرنامەیەکی تێکەڵاو و تەواوکەری یەکدین؛ بەڵام دروستکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە پێویستی بە سێکتەری بانکییە. بەڕێز پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لێرەیە لەگەڵ خاوەنی چەندین بانک، بەڕێز عەلی عەلاق پرۆژەیەکی ریفۆڕمی بانکەکانی دەستپێکردووە؛ کە پڕۆژەیەکە مایەی دڵخۆشییە و شایانی ئەوەیە کە هەموومان دەستخۆشی لێ بکەین؛ ئەو پڕۆژانەی کە دەستیپێکردووە تەواو ببن، دەکرێ خەڵک زۆر زیاتر لێی سوودمەند ببن. هاوکات ئابووری عێراقیش بەرەو دۆخێکی باشتر هەنگاو دەنێت. ئەگەر چەند کەسێکی وەکو بەڕێزیان هەبان، لەوانەیە ئێستا قەیرانی دارایی لە عێراق نەمابا. پێویستیمان بە ریفۆڕمی بانکی هەیە و پشتیوانی سێکتەری بانکیی تایبەتیش دەکەین. کە بانکەکان دەتوانن دەستیان هەبێت لە پێشخستنی ئابووریی وڵات.
پرسیار: داوا دەکرێ راگەیاندنەکانی حکومەت خەڵک هۆشیار بکەنەوە و هاووڵاتی بپارێزرێت لە هەڕەشەکانی ئۆنلاین و ئینتەرنێت؟
مەسرور بارزانی: تەکنەلۆژیاش بەبێ کێشە نییە، بەڵام بیر لەوە کراوەتەوە کە چۆن مافی خەڵک پارێزراو بێت. کاری باش کراوە لەو روانگەیەوە. بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر هاووڵاتی خۆی، کە چەند ئامادەیە سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرێت. پێموایە نەوەی نوێ و ئەو گەنجانەی کە ئێستە هەن، ئەم کێشەیان نییە. چونکە شارەزای بەکارهێنانی تەکنەلۆجیان. داوام کردووە رێنوێنی زیاتر بۆ شارەزابوونی هاووڵاتی دەربکرێت. ماوەکیشی دەوێت تاوەکو هەموو هاووڵاتییەک لێی شارەزا دەبێت. بینیمان لە دانانی ATMی پارەڕاکێشانیش خەڵک نۆرەی دەگرت. بەڵام دواتر وردە وردە خەڵک فێر دەبێ و لێڕادێت. ئەوەی لە سەرەتاوە نەیتوانی سوودی لێ ببینێت با بێ ئومێد نەبێ، لەوانەیە چەند کاژێرێکی بوێ تاوەکو خۆی لێڕابێنێت. بەڵام دواتر دەبینێت چەند سوومەند و چەند کاتی بۆ دەگەڕێتەوە.
پرسیار: لەبارەی پڕۆژەی رووناکی، نزیکەی 75٪ی دانیشتووانی کوردستان لە پرۆژەکە سوودمەندن؛ تاوەکو ئەم مانگەی رابردوو، خەڵک پێشوازی لە پرۆژەکە کرد، بەڵام لەم مانگەدا خەڵک گلەیی لە نرخەکە کرد؛ هیچ دەستپێشخەرییەک لەو بارەوە هەیە؟
مەسرور بارزانی: پڕۆژەی رووناکی توانی لە ماوەیەکی کەمدا، کارەبای 24 کاژێری بگەیێنێتە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان؛ کێشەیەک بوو زیاتر لە 30 ساڵە لەم وڵاتەدا هەیە. ئێستا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەو کێشەیە بەردەوامە. پرۆژەی رووناکی هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری ویستووە. سوپاس بۆ خوا ئێستا 75٪ی هەرێمی کوردستان خاوەن کارەبای 24 کاژێرین. زووتر لە وادەی خۆی و ئەم هاوینە هەموو هەرێمی کوردستان کارەباکەی دەبێتە 24 کاژێری. ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار زۆرە. بەڵام با بێینە سەر ئەوەی كە هاووڵاتی چۆن مامەڵە لەگەڵ كارەبا دەكات.پێشتر هاووڵاتی لەوانەیە كارەبای زۆر بەكار نەهێنابێ، یان كارەبای زۆر بەكارهێنابێ، جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان بەكارهێنانی كارەبا نەكراوە، بەپێی ئەو سیستەمە كە سمارت میتەر دانراوە، هاووڵاتی خۆی بەرپرسە لە شێوازی بەكارهێنانی كارەبا، كێ زیاتر كارەبا بەكاردێنێ، خەرجیی زیاتری كارەباكەش لە ئەستۆ دەگرێت؛ ئەوەی كەمتر بەكار بهێنێت، بێگومان نرخی كارەباکەی كەمترە. ئەمە لەسەر ئاستی بازرگانیش وایە. پێشتر وا نەبووە، هاووڵاتی زیاتر لە پێویست پارەی داوە، بەڵام شوێنە بازرگانییەكان كەمتر لە ئاستی خۆی پارەیان داوە.
ئێستا بەهۆی سمارت میتەر، دادپەروەرییەک دروست بووە، واتە هەركەسێک بەپێی رێژەی بەكارهێنانی كارەبا پارەكەی خۆی دەدات. ئەم زستانە زستانێكی سەخت بووە، بەداخەوە بەڵام زستانێكی زۆر سەخت بووە، لەوانەیە خەڵک زۆر زیاتر لە كاتێكی ئاسایی كارەبای بەكارهێنابێت، هیتەری بەكارهێنابێت، سۆپا و شتی وەها كە بە كارەبا كار دەكەن، ئەوانەیان بەكار هێنابێت. كەواتە جیاوازیی نرخی كارەبا لە بەكارهێنانی كارەباكەیە نەک لە نرخەكەی. حكومەت بە هیچ جۆرێک ناتوانێ و مافی ئەوەشی نییە كە دەستكاریی نرخی كارەبا بكات بەبێ رەزامەندی، ئەوەی كە كراوە خودی هاووڵاتی كارەبای زیاتری بەكارهێناوە. ئەوەی من بیستم ئەم جارە تەنیا بۆ 30 رۆژیش نەبووە، 45 رۆژ بووە، ئەگەر هاووڵاتی هەستی پێنەكردبێت، پێیوایە هی 30 رۆژە، 30 رۆژ نەبووە، هی 45 رۆژ بووە، كە بێگومان زیاتر دەبێت لە 30 رۆژ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی ئەوەی كە پرۆژەكان نوێن و خەڵک هێشتا بە تایبەتی وەكو پێویست لێی رانەهاتووە، ئێستا ئێمە خەریكە (ئی - پسوولە)ش ئەمڕۆ رادەگەیەنین، من دەمەوێ ئەوە بڵێم، هەموو هاووڵاتییەک، ئەگەر ئی - پسوولە بەكار بهێنێت بۆ پێدانی پارەی كارەبا، لەمڕۆوە 30 رۆژی هەیە كە بەشدار بێت و داشكاندنێكی 20% بۆ ئەوەی یارمەتیی هاووڵاتیان بدەین بە تایبەتی لەبەر بارودۆخی سەختی زستان و كارەباكە كە لە هەموو شوێنێک نەبووە، هەر كەسێک ئامادە بێت ئی - پسوولە بەكاربهێنێت، من داوا دەكەم لە حكومەت كە داشكاندنێكی 20%یان بۆ بكەن لە نرخی داهاتوویان كە ئەم مانگە دێتەوە.
جا ئەمە بەشێكە لەو یارمەتییەی كە حكومەت دەتوانێت بیكات و هاوكاریان بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش من دیسانەوە دەیڵێمەوە، با سەیری ئەوەش بكەین، چوار هەزار موەلیدە ئێستا لە كوردستان هەڵگیراون كە هەموویان دەبوونە هۆكاری دروستبوونی پیسبوونی هەوا، واتە ئەم دووكەڵەی كە ئەم چوار هەزار موەلیدەیە تێكەڵی هەوایان دەكرد، بەرامبەر بووە لەگەڵ دووكەڵی 700 هەزار ئۆتۆمبێل، ئەمانە هەموویان ئێستا نەماون. ئەگەر تەماشای شارەكان بكەن دەبینن كە جیاوازییەكی بەرچاو هەیە لە پاكوخاوێنیی ئاووهەوا. ئەمە زۆر یارمەتیی هاووڵاتیان و یارمەتیی ژینگەش دەدات و یارمەتیی خودی هاووڵاتیش دەدات كە زیاتر بەرپرس بێت لە بەكارهێنانی وزە بۆ خۆی. وزە شتێک نییە بەلاش بێت، لە هەموو دنیا خەڵک بەرپرسیارە بۆ ئەوەی خۆی هەست بە بەرپرسیارێتیی بەكارهێنانی وزە بكات. لە هەرێمی كوردستانیش وایە، گوناحە پێویستیت بە كارەبا نەبێت و زیاد لە پێویست بەكاری بێنیت، با زیادەڕۆیی نەكرێ، من دڵنیام لەوەی هاووڵاتی زۆر زۆر كەمتر لە پێشتر ناچار دەبێت پارەی كارەبا بدات.
پرسیار: پێشتر كە حكومەت بەڵێنی كاركردنی دەدا، متمانەی خەڵک بە حكومەت لاواز بوو، ئێستا سەرەڕای هەموو كێشە و ئەو ناخۆشییانەی خەڵک و حكومەتی بەڕێزیشتان پێیدا تێپەڕیون لە ساڵانی رابردوو، دەستكەوتێكی گەورەتان بەدەست هێناوە، متمانەی خەڵک بە قسەی ئێوە زیاد بووە. كە بە خەڵک بڵێن مانگی شەش ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەبێت، خەڵک پێیوایە كە مانگی شەش جێبەجێ دەبێت. ئێوە دەتوانن سوود لەو متمانەیە وەربگرن. رای ئێوە چییە؟
مەسرور بارزانی: من پێشەكی سوپاسی خوا دەكەم كە ئەو دەرفەتەی پێداین بتوانین ئەو بەڵێنانەی كە داومانە جێبەجێیان بكەین و ببینە جێی متمانەی خەڵكی كوردستان. ئەمە شانازییەكی گەورەیە ئەو متمانەیە دروست بووبێت و هیوادارم خەڵكی كوردستانیش هەست بەو بەرپرسیارێتییە بكەن، ئەمە كارێكی هاوبەشە، حكومەت بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتی دەدات و جێبەجێشی دەكات و هاووڵاتی متمانەی لا دروست بووە، بەڵام بەشەكەی دیکە بەرپرسیارێتیی خودی هاووڵاتییە لە چۆنیەتیی بەكارهێنانی ئەو كارە خزمەتگوزارییانە. كارەبا بێت، بەكارهێنانی ئاو بێت، گوێڕایەڵیی رێنماییەكان بێت. ئەمە بەرپرسیارێتیی هاووڵاتییە كە هەردووكیان دەتوانن تەواوكەری یەكدی بن و بێگومان زیاتر دەتوانین هاوكاریی یەكدی بكەین و خزمەتگوزاریی زیاتریش پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەین. پێشتر ئێمە زۆرجار بیروبۆچوونمان هەبووە، خەونمان هەبووە بەوەی كار بۆ خەڵک بکەین، من قەت نەهاتووم بڵێم بڕوامان پێ بكەن بۆ ئەوەی فڵان شتتان بۆ بكەین، بەڵام دوای ئەوەی كە ئەركەكەی خۆمان جێبەجێ كرد و خزمەتگوزارییەكانمان پێشكێش كردن، ئیدی پێویست بە قسەكردن نەبوو و خەڵک خۆی بەرهەمی كارەكانی ئێمەی بینی و ئەو متمانەیە لە كردارەكاندا دەركەوتووە نەک لە قسەكردندا. دیسانیش من سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم و سوپاسی خوا دەكەم كە ئەو دەرفەتەی پێ بەخشین.
پرسیار: كامانەن ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییانەی كە لە چەند مانگی داهاتوودا دەكرێن؟
مەسرور بارزانی: من لە سەرەتاش باسم كرد، ئەركی ئێمە ئەوەیە، كە ئێمە ئاسانكاریی بۆ خەڵک بكەین و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان بكەین. ژێرخانێكمان پێویست بوو، بەشێكی ئەو ژێرخانە دروست بووە، هێشتا ماویەتی، ئێمە تەنیا ئەمڕۆ باسی دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكەین، بەڵام ژێرخان لە زۆر رووی دیکەشەوە پێویستە كە بەشێكی هەوڵمان داوە بەتایبەتی بابەتی رێگەوبانەكان بۆ نموونە كە هەوڵمان داوە، دروستكردنی باڵەكانەكانە، لە زۆر سێكتەری دیکەیە، بابەتی پەرەپێدانە بە كەرتی كشتوكاڵی كەرتی تەندروستی، خوێندن و گەشتوگوزارە، واتە ئەو شتانەی كە پێویستن ژێرخانێكی پتەو بۆ ئەم وڵاتە دروست بكرێت، كە یارمەتیدەری بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابووریی كوردستان بێ، هەنگاوی باشمان بۆ ناوە، هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناخی دوایی. هێشتا لە سەرەتاین، ئەو شتانەی كە ئێستا دەستمانپێكردووە، ئەمە سەرەتایەكە كە هاووڵاتی بتوانێت سوود لەو كارە خزمەتگوزارییانە وەربگرێت و كاری زیاتر بتوانین بەیەكەوە بكەین. بەڵام یەكەم هەنگاو ژێرخانەكەیە، تۆ ژێرخانت نەبێ، هەرچی بەرنامەشت هەبێ، سەرناكەوێ. دەبێ ئامرازەكەت بەدەستەوە بێ و رێگاكەت بۆ دیاری بكرێ و بتوانین ئەم كارانەی كە ئێمە لە خەیاڵماندایە بۆیان بكەین.
بۆیە بەرنامەی زۆر زۆر باشمان هەیە و دەمانەوێ بابەتی پێشخستنی تەكنەلۆژیا بخەینە خزمەتی هاووڵاتیانەوە؛ بووژانەوەی ئابووریی زیاتر لە وڵاتەكەمان هەبێ؛ سێكتەری بانكی بەهێزتر لە وڵاتەكەمان هەبێت؛ كوردستان بتوانێت دەستپێشخەر بێت و نموونەیەكی سەركەوتووی بەرچاوی عێراقیش بێت كە هەموو عێراق بتوانێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرێت؛ ئەو شتەی ئێمە دەتوانین لێرە بیكەین، بتوانین لە هەموو عێراق دووبارەی بكەینەوە كە بێگومان باشتركردنی بارودۆخی ئابووری لە وڵات و لە ناوچەكە جارێكی دیکە كاریگەریی راستەوخۆی دەبێتەوە لەسەر بووژانەوەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان. من زۆر خۆشحاڵم و پێویستیمان بە یارمەتی و متمانەی خەڵک هەیە، هاوكار و بەشدار بن لەگەڵمان و پشوودرێژ بن لەگەڵمان، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر هاوكاریی یەكدی بین و وڵاتەكەمان زیاتر ئاوەدان بكەینەوە.
پرسیار: پاش پێنج ساڵی دیكە، دەتەوێ كوردستان لە چ ئاستێكدا بێت لە رووی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حكومەت و هاووڵاتیان؟ پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگە؟
مەسرور بارزانی: بێگومان دەمانەوێ كوردستان پێشكەوتووتر بێ، خەڵكمان ئاسوودەتر بێ، دەمانەوێ باری ئابووریی خەڵک باشتر بێ، ستانداردی ژیانی خەڵک باشتر بێ، لە هەموو سێكتەرەكان پێشكەوتن هەبێ. ناتوانین تەنیا داكۆكی لە سێكتەرێک بكەین و سێكتەرەكانی دیکە وەلا بنێین، دەنا وەک خۆشت باست كرد زۆر لامان گرنگە كە سێكتەرەكانی خوێندنە، تەندروستییە بەرەو پێشەوە بچن و كاری باشیشمان لەم روانگانەوە كردووە، تەواو نەبووە، بەڵام دروستكردنی چەند دامەزراوەیەک بۆ پەرەپێدان و بەهێزكردنی سیستەمی خوێندن، نەک لە کەرتی تایبەت، یان ئەو زانكۆ تایبەتەكان، بەڵكو لە سێكتەری گشتی، لە زانكۆكانی حكومیش ئێمە دەمانەوێ كە ئاستی خوێندن زۆر باشتر بكەین. ئەمە زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی وڵاتەكە و پێگەیاندنی نەوەیەكی زیرەكتر و بەتواناترە كە بێگومان بە سیستەمی خوێندندا تێدەپەڕێت. ئەم شتانە هەمووی لای ئێمە گرنگن، ئێمە دەمانەوێ هەموو سێكتەرەكان بەرەوپێشەوە بچن، هیچ شوێنێک لە كوردستان نەمێنێ، هیچ سێكتەرێک لە كوردستان نەمێنێت كە پێشكەوتنی تێدا نەكرابێت، بەڵام من دیسانیش ئەوە دەڵێم، دوای پێنج ساڵی دیکەش، هێشتا ئێمە خەونی ئەوەمان دەبێت بەرەوپێشتر بچین، كەواتە پێشكەوتن سەقفێكی نییە، چەند پێش بكەویت، دیسان ئارەزووی ئەوەت هەیە زیاتر پێش بكەویت. خۆشمان دەتوانین سوود لە وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا وەربگرین، زۆر لەو وڵاتانە بە ماوەیەكی زۆر كەم لە وڵاتێكی پاشكەوتوو بۆ وڵاتێكی پێشكەوتوو گۆڕاون. دەكرێ سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرین و تایبەتمەندیی كوردستان و تایبەتمەندیی عێراقیش بپارێزین و زۆر شت هەیە كە دەتوانین خۆمان ببین بە نموونەیەكی سەركەوتوو بۆ وڵاتانی تر.
پرسیار: ئێستا ئەو پارەی مووچە كە دێتە نێو هەژمارەكانەوە، خەڵک زوو پارەكە دەردەهێنێت، تەنیا 10%ی پارەكە لەسەر هەژمارەكان دەمێنێتەوە، بانكەكان پێویستییان بەوە هەیە كە پارە لە نێو هەژمارەكاندا بمێنێتەوە، پێتوایە ئێمە لە ئاییندەدا، بۆ نموونە سێ ساڵی تر، بگەین بەو ئاستەی كە خەڵک بتوانێت پارە لە بانكەكان وەربگرێت؟
مەسرور بارزانی: ێگومان نەک سێ ساڵی دیكە، ئێستا خەڵک دەتوانێت. ئەوەی گرنگە كە هەژماری بانكی دروست بوو، خەڵک بە رێگەی بانكەوە توانی مامەڵەی دارایی لەگەڵ یەکدی بكات، لەگەڵ حكومەت بكات، لەگەڵ بازرگانان بكا، دروستكردنی متمانە لەگەڵ بانكەكان گرنگە، ئەگەر بەشێک لەو پارەیە لە لای بانكەكان بمێنێتەوە، بێگومان ئەو بانكە دەتوانێ زیاتر قەرز بە هاووڵاتی بدات. ئامانجی ئێمەش لە (هەژماری من) تەنیا ئەوە نەبووە كە مووچە وەربگرێ، بۆ ئەوە بووە هەموو خزمەتگوزارییەكانی كە بانک دەتوانێ پێشكەشی هاووڵاتی بكات، هاووڵاتی لێی سوودمەند بێ، یەكێک لەو شتانە وەرگرتنی قەرزە، ئێمە نامانەوێ قوتابییەک یان هاووڵاتییەک، یان كرێكارێک، یان فەرمانبەرێک هەتا هەتایە چاوەڕێی ئەوە بكات كە ئایا دەتوانێ ببێ بە خاوەنی ئۆتۆمبێلێک ببێ بە خاوەنی شوێنێكی نیشتەجێبوون بۆ خۆی یان نا؟ دەمانەوێ ئەگەر ئێستا توانای ئابووریشی ئەوەندە نەبێت، بە شێوازی قەرز لە بانكەكە وەربگرێ و دواتر بە شێوەی قەرز بتوانێ پارەكەی خۆی بداتەوە. كەواتە ئەم پرۆژانەی كە دەستمان پێكردوون، هەموویان كە دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتی، هاووڵاتی هەست بە بوونی خۆی دەكا، هەست بە بڕیاری ئابووریی خۆی دەكات، كە خۆی دەتوانێت زیاتر سوود لە توانای ئابووریی خۆی وەربگرێ. ئەمە ویستی خۆیەتی و لەسەر خودی هاووڵاتی دەمێنێتەوە، ناچار نییە پارەكەی بهێڵێتەوە و ناچاریش نییە هەمووی دەربهێنێت، تەنیا دروستبوونی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و بانک وا دەكات هاووڵاتی بەشێک لە پارەكەی خۆی ئەگەر لە لای بانكەكان بهێڵێتەوە، بانک زۆر زۆر زیاتر دەتوانێت سوود لەو پارەیە وەربگرێ بۆ پێدانی قەرز بە هاووڵاتی و بێگومان هاووڵاتیش بتوانێت توانای كڕینی شتومەكی زیاتر بێت لەو مووچەیەی كە وەریدەگرێت، بە حوكمی ئەوەی كە دەتوانێت قەرز لە بانكەكان وەردەگرێت، ئەمانە شتی زۆر ئاسان و ئاسایین لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا هەیە. ئەوەی ئێمە زۆر حەز دەكەین ببینین پێشكەوتنە لە سێكتەری بانكی كە هەروەكوو پێشتریش باسم كرد، ئێستا بەرنامەیەكی تۆكمە و باش هەیە كە ریفۆرم لە سێكتەری بانكەكان بكرێ و پێموایە ئەمە دەكرێ یارمەتیدەر بێ بۆ ئەو ئامانجەی كە جەنابت باست كرد.
پرسیار: هیوای سەركەوتن بۆ پرۆژەی (ئی پسوولە) دەخوازین كە خەڵک پێموایە كۆمەڵگە و حكومەت و خەڵک لە قۆناخ و سەردەمێكەوە بۆ قۆناخ و سەردەمێكی جیاواز دەگوازێتەوە، سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتە و بە تایبەت ئەو داشكاندنەی كە بەڕێزتان بۆ خەڵكی كوردستانتان راگەیاند.
مەسرور بارزانی: زۆر زۆر سوپاس، سوپاسی جەنابت دەكەم و پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە كە پێموایە وەچەرخانێكە و زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتی؛ لە لایەكەوە هاووڵاتی بتوانێ بە رێگەی ئەم سیستەمە پێشكەوتوانە مووچەی خۆی وەربگرێ و لە لایەكی دیکەوە بتوانێ ئەو پارەیەی كە دەكەوێتە سەر هاووڵاتی بۆ كارە خزمەتگوزارییەكان بداتەوە. لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە بەرنامەی داهاتوومان، تەنیا فەرمانبەری حكومەت ناگرێتەوە، هەموو هاووڵاتییەک لە كەرتی تایبەتیش سوودمەند دەبێ و پێویستە بە شێوازێكی دیجیتاڵی ئەم كارە بازرگانییانە بكات كە تێكەڵبوونی دارایی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتدا هەمووی وەک پاكێجێک ئێمە دەیبینین؛ ئینشائەڵا بەرەو پێشەوەی دەبەین. پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ