رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"دا، گورزێکی کوشندەیان لە ژێرخانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ئیلام داوە و زۆربەی بنکە سەرەکییەکانی هێزەکانی ناوخۆ و بەسیجیان لەو پارێزگایە لەنێوبردووە.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی سەربازی، بە شێوەیەکی رێکخراو هێرش دەکەنە سەر سیستم و تواناکانی ئێران.
بەگوتەی ئەدرەعی، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سوپای ئیسرائیل مەودای هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی هێزە ئەمنییەکان و بەسیج لە سەرتاسەری ئێران فراوانتر کردووە، "بەو پێیەی ئەو هێزانە بەشێکی سەرەکین لە سیستمی سەربازیی ئێران."
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "پارێزگای ئیلام یەکێک بوو لەو ناوچانەی زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر." ئەدرەعی هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە "ئەو هێزانەی لە ئیلام جێگیر بوون، دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندەران لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەمی رابردوودا."
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، ئەم بنکە و بارەگایانە لە ئیلام ''بەتەواوی'' خاپوورکراون:
- بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
- بارەگای سەرەکیی دەزگای هەواڵگری (وەزارەتی ئیتڵاعات).
- بارەگای فەرماندەیی سوپای پاسداران؛ "بەرپرسیار بووە لە لیواکانی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران."
- بارەگای فەرماندەیی یەکە تایبەتەکانی هێزە ئەمنییەکان.
- چەندین بارەگای فەرماندەیی یەکەکانی بەسیج و ژێرخانەکانی سوپای پاسداران.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لێدان لە دەزگاکانی سەرکوتکردن لە ئیلام تەنیا نموونەیەکە و هێرشەکان لە ناوچەکانی دیکەش بەردەوامن."، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو هێزانە بەرپرسیارن لە پەنابردنە بەر تووندوتیژی، دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی هێز دژی مەدەنییەکان لە کاتی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ئێراندا."
تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی وەڵامی ئەم راپۆرتەی نەداوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ