رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکشەممە لیستی مووچەی نیسان ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی دەیباتە بەغدا؛ لەبارەی پێکهێنانی حکومەتیش گوتی، ''بڕیارە دوای 12 و 13ـی ئەم مانگە، یەکێتی و پارتی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان کۆببنەوە.''
چوارشەممە 09-04-2025، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی دێلفی لە یۆنان لەبارەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویاندا باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن.
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، ''گرنگترین'' خاڵی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتن بە رەشنووسێکی هاوبەش بوو بۆ شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات.
بڕیاربوو دوای جەژنی رەمەزان، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی درێژە بە کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بدەن، بەڵام تائێستا کۆنەبوونەتەوە. گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی گوتی ''بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، لەدوای 12 یان 13ـی نیسانەوە، کاتێک دیاری بکەن بۆ کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی پۆستە سەرۆکایەتییەکانیش (سیادی) یەکلاییبکرێنەوە، دواتر پۆستە وەزارییەکان.''
بەگوتەی سەمیر هەورامی هەردوو لایەن ''نیازێکی پاک''ـیان هەیە بۆ ئەوەی بە زووترین کات لەسەر پێکهێنانی حکومەت بگەنە رێککەوتن، ''بەهیواین بتوانین لە چەند کۆبوونەوەی داهاتوودا، ئەم پۆستانەش یەکلایی بکەینەوە.''
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، گفتوگۆی ورد پێویستە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشانەی پێشتر لە حوکمڕانیدا هەبوون، ''یەکێک لە خاڵەکان کە لە کۆبوونەوەکاندا خراوەتە بەرباس، هەبوونی یاسای بودجەیە، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەمان نییە، بۆیە بێگومان ئەم گفتوگۆیانە هۆکارن کە لە داهاتوودا حوکمڕانییەکی باشترمان هەبێت.''
یەکشەممە لیستی مووچەی مانگی نیسان ئامادە دەبێت
سەمیر هەورامی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان گوتی، ''رۆژی یەکشەممە لیستی مووچە بە سیستمی پەیرۆڵ (ئەلیکترۆنی) ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەیباتە بەغدا.''
گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای وردبینیی لە وەزارەتی دارایی عێراق، لیستەکە دەچێتەوە بەردەستی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، ''لەدوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، دەست بە تەمویلکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە نزیکەی تریلیۆنێک دینارە.''
رۆژی 26-03-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ