رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کێشەی بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە دۆخێکە دەبێت بوەستێت"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری ئەو کێشەیە زیاتر هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدات بچنە ناوچەکە.
رۆژی سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کێشەی بوجەی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆی دروست دەکرێ، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "بە روونی گووتوومانە کە ئەمە دۆخێکە [کێشەی بوجە] دەبێت بوەستێت."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "چارەسەرکردنی دۆخی لەم شێوەیە، هانی کۆمپانیای زیاتر دەدات بچنە ناوچەکە و کار بکەن، ئەمەش ژیانی هەموو خەڵکی ناوچەکە باشتر دەکات."
28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو: "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."
لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا، تامی برووس بە رووداوی گوت: "وەک هەموو لایەک هیواخوازم کە ئەو کەس و لایەنانەی ئەم دۆخە بەڕێوە دەبەن و سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکەن، لە کۆتاییدا بمانگەیەننە چەند وەڵامێک و رێککەوتنێکی کۆتایی."
لە مانگی نیسانەوە، ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان پێنج گەڕی دانوستاندنیان کردووە، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تاران بە ئاشتی بەرنامە ئەتۆمییەکە سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکرێت.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومان دەکەن ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام تاران ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و پێداگرە لەسەر ئەوەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و تامی برووس:
رووداو: سوپاس تامی، پرسیارێک لەسەر ئێران. کەی پێتان وایە ئێران وەڵامی پێشنیارەکەتان دەداتەوە؟ سەرۆکیش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی، ئێرانییەکان ئێستا لە گفتوگۆکاندا زۆر جیاوازتر مامەڵە دەکەن بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو. ئایا لەم چەند رۆژەی دواییدا چی لە هەڵوێستی ئێران گۆڕاوە؟"
تامی برووس، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: من نوێنەرایەتیی ئێران ناکەم و پێم وایە وەک خۆشمان باسمان لە چاوەڕوانیی گفتوگۆی زیاتر کرد، منیش وەک هەموو لایەک هیواخوازم کە ئەو کەس و لایەنانەی ئەم دۆخە بەڕێوە دەبەن و سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکەن، لە کۆتاییدا بمانگەیەننە چەند وەڵامێک و رێککەوتنێکی کۆتایی."
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەسەر عێراق. ئێوە گوتتان کە هانی هەردوولا، هەولێر و بەغدا دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە. ئایا ئێوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدان؟ هەندێک هەواڵ هەن کە دەڵێن بەم دواییانە، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و گوشاری راستەوخۆی کردووەتە سەری بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئێستا بەرپرسانی عێراقی دەڵێن کە لەلایەن ئێوەوە گوشاری تووندیان لەسەرە سەبارەت بەم بابەتە. هیچ زانیارییەکی نوێتان لەسەر ئەوە هەیە؟
تامی برووس، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: لە وەڵامی پێشوومدا ئەمەم روون کردەوە، تەنانەت لێرەشەوە بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆمان دەڵێین کە چاوەڕێی چین. ئەوانیش باش دەزانن بۆچوونمان چییە، چونکە ئەمەمان چەندین جار گووتوە. من لێرە قسە لەسەر دەنگۆ و راپۆرت ناکەم و قسە لەسەر ئەو دەنگۆیانە ناکەم ئەوەی هەڵسوڕێنەرێک و باڵیۆزێک لەگەڵ کێ دادەنیشێ و باسی چی دەکات. ئەوە کاری ئێمە نییە. بەڵام ئێمە زۆر بە روونی گووتوومانە کە ئەمە دۆخێکە [کێشەی بوجە] دەبێت بوەستێت. وەک پێشتریش گوتم، دڵنیاین چارەسەرکردنی دۆخی لەم شێوەیە، هانی کۆمپانیای زیاتر دەدات بچنە ناوچەکە و کار بکەن، ئەمەش ژیانی هەموو خەڵکی ناوچەکە باشتر دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ