سبەی چەند گەریلا و چ کاتێک چەک دادەنێن؟

10-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گەریلایەکی پەکەکە.
گەریلایەکی پەکەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، سبەی کاژێر 10ـی بەیانی رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت. 
 
رووداو زانیویەتی، 33 یان 44 گەریلا چەکەکانیان دادەنێن و دواتر چەکەکانیان لەنێودەبرێن. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، بەرپرسانی پەکەکە بۆ پرسی چەکدادان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، بۆ رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لەنێویاندا پارتی و یەکێتی بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون. نوێنەری دەم پارتی لە هەولێر دەڵێت، لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە 150 کەس بەشداری دەکەن.
    
 
05ـی تەممووز تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرایکرد، کە رێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە گوندێکی بناری قەندیل دەبێت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی.
 
شەو ی 09ـی تەمموز، ناوەندی راگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە رایگەیاند: "دەبێت رۆژنامەڤانان هەینی کاژێر 08:00 بۆ 09:00ـی بەیانی، لە هۆتێل ئاشوور لە قەزای دووکان ئامادەبن؛ پاس بۆ گواستنەوەی هەموو رۆژنامەڤانان بۆ شوێنێکی نزیک لە رێوڕەسمەکە دابینکراوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەجەکە، هیچ رۆژنامەڤانێک ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی خۆی بەشداری رێوڕەسمەکە بکات.
 
قەزای دووکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نزیکە لە بناری قەندیل لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.
 
کەجەکە دەڵێت: "بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە [ئەوانەی چەک دادەنێن] ناکرێت، بەڵام دەرفەتی قسەکردن لەگەڵ چاودێرانی رێوڕسمەکە دەبێت".
 
30ـی مانگی رابردوو، بۆ یەکەم جار تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، نزیکی 10ـی تەمموز یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی چەک دادەنێن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە