جێگری پارێزگاری کەرکووک: هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی رێگەی گەشەپێدانەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام

10-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، بڕیارە دوو ساڵی دیکە هێڵی شەمەندەفەری کەرکووک - بەغدا بکەوێتەوە کار. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەبارەی رێگەی گەشەپێدانەوە نەگەیشتوونەتە چارەسەر، بەغدا داوایکردووە ئەو زەوییانە بەناوی وەزارەتی گواستنەوە تاپۆ بکرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەبرێتە لای سەرۆکی حکومەتی عێراق.
 
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023 عەلی حەمادی، جێگری پارێزگاری کەرکووک لەبارەی نۆژەنکردنەوە و زیندووکردنەوەی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری کەرکووک - بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی گواستنەوە تاوتوێی ئەو بابەتەمان کردووە، هێڵەکە چەند کێشەیەکی تەکنیکیی تێدایە و هەوڵدەدرێت چارەسەر بکرێت، بۆئەوەی هێڵەکە لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ بکرێت و دەستبەکار بێت."
 
سەبارەت بە رێگرییەکانی بەردەم هێڵەکە، عەلی حەمادی گوتی، "هێڵی ئاسنینی کەرکووک - بەغدا دوو پردی تێدەکەوێت، دەبێت دوو پردەکە چاکبکرێنەوە؛ یەکێکیان پردی فەتحەیە و ئەوی دیکەش پڕۆژەی سەر ئاودێرییە، کارکردن لە پردی یەکەم دەستیپێکردووە و ئەوی دیکەش لەداهاتوودا دەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بە تیمەکەی وەزارەتی گواستنەوەیان گوتووە کە ماستەرپلانی هێڵەکە ئێستا جیاوازە و ئەو شوێنانەی پێیدا تێدەپەڕێت سەنتەری شارن و دەبێت بگۆڕدرێن.
 
جێگری پارێزگاری کەرکووک باسی ئەوەی کرد، یەکێکی دیکە لە مەبەستەکانی هاتنی شاندەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ کەرکووک لەم هەفتەیە رێگەی گەشەپێدانە، کە یەکێکە لە پڕۆژە زەبەلاحەکان و عێراق بە ئاسیا و ئەوروپا ببەستێتەوە، "بەشێک لە رێگەی گەشەپێدان بڕیارە بە کەرکووک و پارێزگای سلێمانی و ئەو ناوچانەدا بڕوات، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە ئەو زەوییانەی هێڵی ئاسنینی تێدەکەویت تاپۆ بکرێن بەناویەوە، بەڵام وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان رازی بووە زەوییەکانیان پێبدات، بەڵام بەناوی ئەو وەزارەتەوە تاپۆ نەکرێت، بۆیە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کێشەکەی رەوانەی لای محەممەد شیاع سوودانی کردووە بۆئەوەی چارەسەری بکات."
 
رۆژی سێشەممە 08-08-2023 شاندێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە سەرۆکایەتیی یونس خالد جەواد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنین سەردانی پارێزگای کەرکووکیان کرد بۆ باسکردنی هێڵی ئاسنینی کەرکووک - بەغدا و ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە رایگەیاند، باسی بابەتە هونەرییەکان و هێڵی رێڕەو و پلانەکانی داهاتوویان لەبارەی هێڵەکانی ئاسنینەوە کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 27-07-2023 شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆبوونەوەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی هێڵی ئاسنینی ناسراو بە "رێگەی گەشەپێدان" لە بەغدا بەشدار بوو.
 
وەزیری گواستنەوە گوتیشی، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی وەزیری گواستنەوەی عێراق، راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پارێزگاری ئەو شارانەی کە هێڵەکەیان پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڕێوەدەچێت.
 
ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش کرد، بەپێی نەخشەی ئێستا، بەشێکی کەمی ئەو هێڵە بەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕەبێت، "بەڵام گفتوگۆ دەکەین و پێداگری دەکەین بۆئەوەی رێگەی گەشەپێدان بەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆکدا تێپەڕبێت و ئێمەش لای خۆمان لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە، هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر لەگەڵ دهۆک بەستینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.