رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئاشکراشی کرد، ئەم ساڵ لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان 244 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون، کە 32 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سنوورەکەیان 9 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، کە چواریان گیانیان لەدەستداوە.
هەرچەندە ماوەیەکە هیچ تووشبوویەکی نوێی نەخۆشییەکە لە کەرکووک تۆمار نەکراوە، بەڵام سامان یابە دەڵێت: "رێکارەکانی خۆپارێزی و چاودێری بەردەوامن و لیژنەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوونی مەیدانی."
بەپێی ئامارەکان، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقار بووە کە 90 کەسە و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئاماری پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەمشێوەیەیە:
بەغدا: 38 تووشبوو، 6 گیانلەدەستدان
موسەننا: 23 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان
واست: 21 تووشبوو، 3 گیانلەدەستدان
پارێزگاکانی دیکە (بەسرە، میسان، نەینەوا، دیالە): 59 تووشبوو، 10 گیانلەدەستدان
سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، 5 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە. ئامارەکانیش بەمشێوەیەن:
کەرکووک: 9 تووشبوو، چوار گیانلەدەستدان
دهۆک: 3 تووشبوو، یەک گیانلەدەستدان
هەولێر: 2 تووشبوو، هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە
سلێمانی: 2 تووشبوو، هیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە
تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە؟
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەیکوژێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، رێژەی مردن لەنێو تووشبووان 10٪ بۆ 40٪ـە. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ کە رێگەکانی گواستنەوە بریتین لە:
لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێن مەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی نێوەکی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:
تا
شەکەتی و هەستکردن بە بێهێزی
سەرسووڕان
ئازاری ماسوولکە، ئێسک یاخود جومگەکان
هێڵنج و رشانەوە
سکچوون
ئەو نیشانانەی کە مەترسی لەسەر ژیان دروستدەکەن:
خوێنبەربوونی ژێر پێست یاخود ئۆرگانە ناوخۆییەکان یاخود لە دەم، گوێ و چاو.
لەکارکەوتنی سیستەمی دەمار
کۆما
سستبوونی گورچیلە
ناکارابوونی کۆئەندامی هەناسەدان
ناکارابوونی جگەر
چۆن خۆمان لە تای خوێنبەربوون بپارێزین؟
رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون پڕ ئاڵنگارییە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هیچ پێکوتەیەک نییە ڤایرۆسەکە کۆتایی پێبێنێت، بەڵام چەندین رێگە هەن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون، بۆ نموونە شوێنی کارکردن. نابێت رێگەبدرێت ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جووڵەی مێشوولە.
لەکاتی گەشت و گەڕان بە نێو هەرناوچەیەک کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت، پێویستە پۆشاکی پێویست لەبەر بکرێت کە دەست و قاچ و رووخسار داپۆشێت.
لەکاتی سەربڕینی هەر ئاژەڵێک پێویستە پۆشاک و دەستکێش بەکاربهێنرێت و دوای تەواوبوونی کارەکە، خۆمان و شوێنەکە بشۆین.
رێگەکانی خۆپارێزی:
پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
رشاندنی ژینگەی کارکردن
دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ