رووداو دیجیتاڵ
دوای پێنج رۆژ لە مانەوەی جەلال محەممەد لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ ئێوارە نزیک کاژێر 04:00 گیانی لەدەستدا.
قادر قاسم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی سووتانی جەلال محەممەد 80% بوو و دوای پێنج رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر، گیانی لەدەستدا.
جەلال محەممەد، کارمەندی بەرگریی شارستانی بوو لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی قەزای سێمێل. شەممەی رابردوو 05-11-2022 کاژێر 18:30 خولەک تانکەرێک لەسەر رێگەی دهۆک - فەیدیە گڕی گرت و لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک و سێمێل تەقیەوە و 12 کەس بەهۆیەوە برینداربوون.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک بە رووداوی گوت، ئێستا تەنیا یەک بریندار لە نەخۆشخانە ماوە کە ناوی دلنرین نادرە و تەمەنی 35 ساڵە.
بەگوتەی قادر قاسم، ئەویش کارمەندی بەرگریی شارستانییە و رێژەی سووتانی 27٪ە رەوشی تەندروستیی باشە و رەنگە دوو رۆژی دیکە رەوانەی ماڵەوەی بکرێت.
سەبارەت بە بریندارەکانی دیکە قادر قاسم رایگەیاند، ئەوان برینەکانیان سووک بوو، هەمان شەوی رووداوەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ