رووداو دیجیتاڵ
چوار ئەندامی کۆڕی راوێژکاریی چالاکڤانانی مەدەنیی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستبەسەر کران.
کۆڕی راوێژکاریی چالاکڤانانی مەدەنیی یارسان رایگەیاند، چوار ئەندامی ئەو کۆڕە بە ناوەکانی ئەمین عەباسی، خێروڵڵا حەقجویان، پاکزاد تاهیری و نووشاد تاهیری لە خاڵی پشکنینی پاتاق لە 15 کیلۆمەتری سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. دەشڵێت، هۆکاری دەستبەسەرکردنیان روون نەکراوەتەوە.
ئەو کەسانە لە کاتی گەڕانەوە لە شاری قەسری شیرین دەستبەسەرکراون. ئەوان بۆ بینینی سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و گوتەبێژی کۆڕی راوێژکاریی چالاکڤانانی مەدەنیی یارسان سەردانی شاری قەسری شیرینیان کردبوو.
سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و گوتەبێژی کۆڕی راوێژکاریی چالاکڤانانی مەدەنیی یارسان کە لە گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان بەندکراوە، رۆژی پێنجشەممە، 10-11-2023، مۆڵەتی یەک هەفتەیی هاتنەدەر لە گرتووخانەی پێدراوە.
حەیاتی لە دادگەی کرماشان بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات بە ساڵێک بەندکردن سزادراوە و لە 13-05-2023ـەوە دەستبەسەرکراوە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی.
کۆڕی راوێژکاریی چالاکڤانانی مەدەنیی یارسان ساڵی 2013 لە کرماشان دامەزراوە و دەڵێت، بۆ پاراستنی شوناسی ئایینی، ئاشتی نیشتمانی، ئازادی، مافی یەکسانی هاووڵاتییان و نەهێشتنی هەڵاواردن چالاکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ