رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پزیشکانی کوردستان داوایکرد ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سزا بدرێن، داواش دەکات گیانی پزیشکان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەکان بپارێزرێت. ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارێک هێرشیان کردە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر.
شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمەڵێک کەسی چەکدار هێرش دەکەنە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر، بەتووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم جۆرە رووداو و دیاردە ناشارستانییە دەکەین، لەهەمانکاتدا داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی پزیشکان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەکان هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ و کەسانی سەرپێچی کار و لە یاسا لادەر رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە تاوەکو بە سزای یاسایی بگەن."
راگەیێندراوەکەی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە دوای راگەیێندراوێکی ئاسایشی هەولێر هات، کە تێیدا دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە هێرشی کردبووە سەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر.
لە راگەیێندراوێکدا ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "دوای وەرگرتنی رەزامەندی بەڕێز داوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، توانیمان تۆمەتبار (م. ش.ا) دەستگیر بکەین، کە هێرشی کردبووە سەر کارمەندێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و کێشە و ئاژاوەی لەناو نەخۆشخانەکە دروستکردبوو، دواتر بەچەکی 'ناتۆ' چەند فیشەکێکی تەقاندووە."
سەندیکاکە دەڵێت، "پزیشکان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەکان تاکی ئەم کۆمەڵگەیەن و کار و ئامانجی سەرەکییان لە نەخۆشخانە بریتییە لە یارمەتیدان و چارەسەرکردنی نەخۆش، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەک بەجوانترین شێوە مامەڵە لەگەڵ پزیشکان و پەرستاران و ستافی نەخۆشخانەکان بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ