رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی چیک لە بەغدا کۆبوونەوە و باسی لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ چیک کرد. هەروەها ئەم مانگەش لیژنەی عێراقی-چیکی لە پراگی پایتەختی چیک کۆدەبێتەوە.
بڕیارە ساڵی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی چیک بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە و باس لە ژمارەیەک پرسی جێ بایەخی هەردوولا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، حەیدەر عەزاری، سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ پیتەر شتیبانک، باڵیۆزی چیک لە عێراق لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە، جگە لە باسکردنی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەو وڵاتە، کە د.فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەشی لەگەڵدا دەبێت. هەردوولا باسیان لە کارەکانی خولی چوارەمی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-چیک کرد کە بڕیارە ئەم مانگە لە پراگی پایتەختی چیک بەڕێوەبچێت.
لە کارەکانی خولی چوارەمی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-چیک، خالید بەتال نەجم، وەزیری پیشەسازیی عێراق سەرۆکایەتیی شاندی عێراق دەکات و باسی کۆمەڵێک پرسی هاوبەشی جێ بایەخی هەردوو وڵات دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ئاسانکردنی پێدانی ڤیزای دیپلۆماسی بە دیپلۆماتکارانی عێراقی و بابەتەکانی پەیوەست بە هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر ئاسمانی عێراق و هێڵی ئاسمانیی عێراقییان کردووە، هەروەها شەڕی غەززەش تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ